پووتین لە بەیژینگە؛ سێ دۆسیەی هەستیار لەسەر مێزی گفتوگۆن
سەرۆکی رووسیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەیژینگ. لەم سەردانەدا سێ دۆسیەی ستراتیژیی وەک؛ وزە، بازرگانی و پێگەی نێودەوڵەتیی مۆسکۆ تاوتوێ دەکرێن.
سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەیژینگی پایتەختی چین،.بە گوێرەی شیکارییەکی گۆڤاری "نیوزویک"ـی ئەمەریکی، پووتین چاوی لەوەیە دەستکەوتی گەورەتر لەوەی ترەمپ لە سەردانەکەیدا بۆ چین بەدەستی هێناوە، بچنێتەوە؛ چ لە بوارەکانی بازرگانی و وزە، یان لە بواری دیپلۆماسیدا.
گۆڤارەکە ئاماژەی بە سێ ئامانجی سەرەکیی رووسیا کردووە کە دەیەوێت لە چین بەدەستیان بهێنێت، لە سایەی بەردەوامیی جەنگی ئۆکرانیادا، کە بریتین لە:
پڕۆژەی گاز
رۆژی دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، کرێملین رایگەیاندبوو: کە هەردوو سەرۆکی رووسیا و چین گفتوگۆ لەسەر سەرجەم بوارەکانی پەیوەندیی دووقۆڵی دەکەن، لە نێویاندا پڕۆژەی هەناردەکردنی گازی سروشتی لە رووسیاوە بۆ چین، کە بە "هێزی سیبیریا 2" ناسراوە.
بە پێی زانیارییەکان، ئەو بۆریەی کە بڕیارە گازەکەی پێ هەناردە بکرێت، درێژییەکەی هەزار و 600 میلە، لە کێڵگە گازییەکانی جەمسەری باکووری رووسیاوە و بە خاکی مەنگۆلیادا تێدەپەڕێت بۆ چین، توانای گواستنەوەی 50 ملیار مەتر سێجا گازی لە ساڵێکدا هەیە. ئەمەش پڕۆژەیەکی چارەنووسسازە بۆ مۆسکۆ کە هەوڵ دەدات ئاراستەی هەناردەی گازەکەی بەرەو ئاسیا بگۆڕێت، تاوەکو قەرەبووی لەدەستدانی بازاڕەکانی ئەوروپا بکاتەوە.
لە دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەوروپا بەرەو دەستبەرداربوونی یەکجاری لە وزەی رووسیا هەنگاو دەنێت. لە بەرامبەردا، چین ئێستا گەورەترین کڕیاری نەوتی سزادراوی رووسیایە. (سەرەڕای ئەوەی ترەمپ ئەم دواییە هەندێک سزای سووک کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی جیهانیی نەوت کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەرزبووبوونەوە).
چین بەردەوامە لە کڕینی وزەی رووسیا لە رێگەی بۆری و کەشتییە دەریاییەکانەوە، لە کاتێکدا پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین گرێبەستەکانیان بە دراوی 'یوان'ـی چینی یەکلایی دەکەنەوە.
کۆمپانیای زەبەلاحی گازپرۆمی رووسی، ساڵانێکە گوشار دەخاتە سەر چین بۆ قبووڵکردنی پڕۆژەی "هێزی سیبیریا 2"، بەڵام تا مانگی ئەیلوولی رابردوو لە کاتی دیداری نێوان شی و پووتین، نەگەیشتبوونە رێککەوتنێکی یاسایی پابەندکەر.
بە گوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، هێشتا دانووستانەکان لەسەر نرخ بەردەوامن، مۆسکۆش ئومێدەوارە ناسەقامگیرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا لە بەیژینگ بکات لە پرسی نرخدا نەرمتر بێت.
بازرگانی
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیاوە، چین هاوکارییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی بۆ مۆسکۆ زیاتر کردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ بەردەوامبوونی لە جەنگەکە.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. لە ساڵی 2022ـەوە، چین زیاتر لە چارەکێکی هەناردەی رووسیا و بڕی زیاتر لە 397 ملیار دۆلار لە سووتەمەنیی بەردینی رووسی کڕیوە. شاندی رووسیا لەم سەردانەیدا بۆ چین، بەرپرسانی باڵا و سەرۆکی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک؛ رۆزنەفت، گازپرۆم و نۆڤاتێکی لەخۆگرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، هاوپەیمانیی ناتۆ لە ساڵی 2024ـدا رایگەیاندوو، کە چین پشتیوانی لە هەوڵە جەنگییەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا دەکات و کەلوپەلی (سەربازی-مەدەنی) پێ دەدات.
پێگەی جیهانی لە نێو گۆشەگیریدا
لە شوباتی 2022ـەوە، رووسیا رووبەڕووی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی بووەتەوە، هەروەها پووتین بەهۆی بڕیارێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە مەترسیی دەستگیرکردنی لەسەرە. ئەم دۆخە وای لە سەرۆکی رووسیا کردووە هەژموونی خۆی لە نێو وڵاتانی "باشووری جیهانی" فراوان بکات و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەو هێزانە دروست بکات کە دەکەونە دەرەوەی ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور، کە لە سەرووی هەموویانەوە چینە.
لەم بارەیەوە، چیکون چوو، بەڕێوەبەری پەیمانگای چین لە زانکۆی باکنێڵ لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دەڵێت: "بەهۆی سزاکانەوە پووتین ناتوانێت گەشت بۆ زۆر شوێن بکات و، مەرجیش نەبوو بۆ بەشداریکردن لە یادی 25 ساڵەی پەیماننامەی دۆستایەتی گەشت بۆ بەیژینگ بکات، بەڵام ئەم سەردانە گرنگە بۆی، تاوەکوو بە رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمەریکای بسەلمێنێت کە لەلایەن شی جین پینگەوە پشتیوانییەکی بەهێز دەکرێت."