هەولێر؛ سبەی زەوی بەسەر 3500 فەرمانبەری دیکەدا دابەش دەکرێت

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە و سبەی قۆناغی حەفتەمی پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24 راگەیاند "سبەی پێنجشەممە، قۆناغی حەفتەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانی هەولێر بەڕێوەدەچێت."

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لەم قۆناغە نوێیەدا سێ هەزار و 500 فەرمانبەری دیکە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

کارزان هادی گوتیشی "تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 400 فەرمانبەر سوودمەندبوونە لە وەرگرتنی زەوی."

هەروەها باسی لەوەش کرد، کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی لە سنووری شارەوانی هەولێر بڕیارە زەوییان پێبدرێت، ژمارەیان دەگاتە 82 هەزار فەرمانبەر، پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو ئەو فەرمانبەرانە زەوییەکانیان وەردەگرن.

 لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.