رۆیتەرز: موجتەبا خامنەیی فەرمانی داوە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوەوەی ئێران بمێنێتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز لە سەرچاوە ئێرانییەکانەوە گواستییەوە کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، رێنماییەکی دەرکردووە کە تێیدا جەخت دەکاتەوە نابێت یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات رەوانە بکرێت.

پێنجشەممە 21ـی ئایاری 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە سەرچاوە ئێرانییەکانەوە گواستییەوە، موجتەبا خامنەیی رێبەری ئێران هەڵوێستی تاران بەرانبەر یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا توندتر دەکات و پڕۆسەی دانوستانەکان ئاڵۆزتر دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە رەنگە ببێتە هۆی توڕەکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە پێشتر رایگەیاندبوو متمانەی تەواوی هەیە رێگری لە ئێران بکەن بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی یان پیتاندنی یۆرانیۆم.

ترەمپ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئێرانییەکان پێیان گوتووە دەوەستن، بەڵام جەختی کردەوە واشنتن رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چونکە بەکاری دەهێنن، هەروەها گوتی: "پێویست ناکات پەلە بکەین، چونکە گەمارۆیەکی ئابووریمان هەیە کە رێگری لە گەیشتنی پارە دەکات بۆ دەسەڵاتی ئێران".

لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردەوە، ترەمپ بە جددی بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی گەورە دەکاتەوە دژی ئێران، بەتایبەت کە ئارامی بەرانبەر بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز نەماوە. 

هاوکات ترەمپ پێشنیازەکەی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە گەمژانە ناوبرد و رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەست لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.

بە گوتەی ترەمپ، لە نامە نوێیەکەی ئێراندا هیچ ئاماژەیەک نەبووە بۆ ئەوەی کە تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی ئەمریکا گومان لە جدییەتی ئێران بکەن لە دانوستانەکاندا، ترەمپ پێیوایە بوونی ناکۆکی لەناو سەرکردایەتی ئێران کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی تاران ناچار بێت سازشی گەورە لە دۆسیە ئەتۆمییەکەیدا بکات.

ئەم لێدوانەی موجتەبا خامنەیی رێبەری ئێران دوای ئەوە دێت، هەینی 15ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا و کە لە بەژینگەوە بۆ واشنتن دەگەڕایەوە، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە دواین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران و دانوستانەکان.

ترەمپ ئاشکرای کرد، وەڵامە فەرمییەکەی ئێرانی خوێندووەتەوە، بەڵام چونکە بڕگەکانی بە دڵ نەبووە، رەتی کردووەتەوە. ترەمپ گوتی: "من سەیری وەڵامەکەم کرد، ئەگەر یەکەم رستەی تێدا بێت کە بە دڵم نەبێت، دەستبەجێ فڕێی دەدەم. ئەوان دەبێت بە تەواوی لەسەر نەمانی چەکی ئەتۆمی رازی بن، ئەگەر نا من هیچی تر ناخوێنمەوە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە داواکارییەکەی بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ وەک خۆی ماوەتەوە. گوتیشی: "دەبێت ئەم 20 ساڵە راستەقینە بێت نەک تەنیا قسە. هەروەها دەبێت هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ناو ئێران دەربهێنرێت".

ترەمپ ئاماژەشی دا، "ئێمە ئێرانمان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە. ئەوان یان رێککەوتن دەکەن یان بە تەواوی لەناودەچن. یەکێک لەم دووانە هەر دەبێت رووبدات، لە هەردوو بارەکەدا ئێمە براوەین."

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، چیتر ئامادە نییە چاوەڕێی ئێران بکات و جەختی کردەوە کە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین گەیشتوونەتە رێککەوتنی تەواو کە نابێت رێگە بدرێت کۆماری ئیسلامی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پێویستە دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی جیهانیدا بکرێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی داوە، هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان بە تەواوی تێکشکاندووە و تەنیا هەندێک کاری پاککردنەوە ماوە. سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا، ئەگەر تاران نەگاتە رێککەوتن، جارێکی دیکە هێرش دەکەنەوە سەریان.