پاریس مەرج بۆ بەکارهێنانی یەدەگی نەوت دادەنێت

حکوومەتی فەرەنسا جەخت دەکاتەوە کە وڵاتان پێش پەنابردن بۆ بەکارهێنانی یەدەگی نەوت، پێویستیان بە زانیاری و روونیی زیاتر هەیە لە بارەی بەرەوپێشچوونەکانی بازاڕی نەوت، وەزیری دارایی ئەو وڵاتەش دەڵێت "ناتوانین بڕیار لەسەر بەکارهێنانی کۆگاکان بدەین بێ ئەوەی بزانین جەنگەکە چەند دەخایەنێت".

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە زاری رۆلان لیسکور، وەزیری دارایی فەرەنسا بڵاویکردەوە، حکوومەتەکان ناتوانن بڕیار لەسەر ئازادکردنی بڕێکی دیکە لە یەدەگی نەوت بدەن بۆ هێورکردنەوەی ئەو قەیرانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە، تاوەکو ئەو کاتەی مەودای بەردەوامبوونی ململانێکان روون نەبێتەوە.

لیسکور لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستپێکردنی گفتوگۆ بۆ بەکارهێنانی خولی دووەمی یەدەگی ستراتیژیی نەوت، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی وڵاتانی گەووپی حەوت (G7) لە پاریس باس نەکراوە، کە سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکاش تێیدا بەشدار بوو.

وەزیری دارایی فەرەنسا گوتیشی: "کۆگاکانی نەوت لە بنەڕەتدا سنووردارن، بۆیە ناتوانین لەم قۆناخەدا بەکاریان بهێنین بێ ئەوەی تێڕوانینێکی روونمان بۆ ماوە و توندیی ململانێکان هەبێت".

تەنگەی هورمز و دابینکردنی وزە
وەزیری دارایی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمزیش بکرێتەوە، چەند هەفتەیەکی دەوێت تاوەکو نەوت بگاتە ئەوروپا و ئاسیا، بۆیە دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ بەکارهێنانی یەدەگەکان.

رۆڵی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە
لە مانگی ئاداردا، 32 وڵاتی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە نزیکەی 400 ملیۆن بەرمیل نەوتیان رەوانەی بازاڕەکان کرد، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی نرخەکان، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەو یەدەگانە لە هەفتەکانی داهاتوودا تەواو بن.

فاتیح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند، ئاژانسەکە ئامادەیە دەستبەجێ بجوڵێت، بەڵام هەر بڕیارێکی نوێ بەندە بە پەرەسەندنەکانی بازاڕ و بڕیاری حکومەتەکان. بیرۆل هۆشداریشیدا کە قەیرانی ئێستای وزە لە چاو شۆکەکانی ساڵانی حەفتاکان و جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا گەورەترە.

کاریگەرییە ئابوورییەکان
دوای ئازادکردنی یەدەگی یەکەم لە مانگی ئاداردا، نرخی نەوت بە رێژەی 11% دابەزی بۆ خوار 90 دۆلار، بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە کردەوە و دوێنێ پێنجشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 108 دۆلار.

جەنگی ئێران بووەتە هۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهانی و زیادبوونی هەڵئاوسان. یەکێتی ئەوروپا پێشبینی گەشەی ئابووری ئەمساڵی لە 1.2%وە بۆ 0.9% کەمکردەوە.

دۆخی ناوخۆیی فەرەنسا
لە ناوخۆی فەرەنسا، گوشارەکان بۆ سەر حکوومەت زیادیان کردووە تاوەکو هاوکاری کەرتی گواستنەوە و کۆمپانیاکان بکات بەهۆی بەرزی نرخی سووتەمەنی. لیسکور ئاشکرای کرد کە جەنگی ئێران لانی کەم 6 ملیار یۆرۆ تێچووی زیادەی بۆ فەرەنسا هەبووە، کە زۆربەی بەهۆی بەرزبوونەوەی سوودی قەرزەکان و کەمیی داهاتی باجە.

سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، وەزیری دارایی فەرەنسا دەڵێت ئابووری وڵاتەکەی هێشتا خۆڕاگرە، ئەوەش بەهۆی پشتبەستنی زۆر بە وزەی ئەتۆمی، گوتیشی: "ئێمە ئێستا لەبەردەم نیشانەی ئاگادارکردنەوەی پرتەقاڵیداین، نەک سوور".