سلێمانی.. پڕۆژەیەکی سینەمایی بۆ نمایشکردنی فیلمی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت

پڕۆژەیەکی سینەمایی بۆ پیشاندانی فیلمی وڵاتانی عەرەبی، لەژێر دروشمی "ببینن و گفتوگۆ"، لە سینەماچی لە کارگەی کولتووری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ هەینی، 22ی ئایاری 2026، ساڤان عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژە سینەماییەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەوە پڕۆژەیەکی هاوبەشیی تێما و ئەفلامونایە بۆ نمایشکردنی فیلمی وڵاتانی عەرەبی و گفتوگۆکردن دەربارەیان، لەو پڕۆژەیەدا تێما چەند فیلمێکی بە داتابەیسی ئەفلامونا دیاریکردووە، کە چالاکییەکی کلتوریی شاهانەیە و  تێیدا 5 فیلمی جیاوازی وەکو، دۆکیۆمێنتاری، درامی، و کورتەفیلم نمایش دەکرێن و دواتر سەکۆیەکی کراوە دەبێت بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر بابەتەکانی ناو فیلمەکان."

ساڤان عومەر گوتیشی، "ئەو فیلمانەی نمایش دەکرێن وەکو، رووبارمان، کە فیلمێکی درامی بەناوبانگی دەرهێنەری عێراقی مەیەل هاشمییە. باسی ژیانی کۆمەڵێک هاوڕێ و دراوسێ دەکات لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بەغدا لە ساڵی 2006، کاتێک هەوڵدەدەن لەناو توندوتیژیدا ژیانی ئاسایی خۆیان بپارێزن و بڕیاری مانەوە یان کۆچکردن بدەن. هەروەها فیلمی وەرزی گوناح، فیلمێکی کورتی لوبنانییە لە دەرهێنانی حوسێن ئیبراهیمە. چیرۆکی کوڕێکی گەنج دەگێڕێتەوە لە گەشتێکی راوکردنی باڵندەدا لەگەڵ باوکی و هاوڕێکانی باوکیدا، کە تێیدا رووبەڕووی چەمکەکانی پیاوەتی و توندوتیژی دەبێتەوە لە ناوچەیەکی گوندنشیندا."

بەڕێوەبەری پڕۆژەکە باس لەنمایشکردنی فیلمەکان دەکات و دەڵێت، "فیلمی "وەک کچێک قورسایی بەرزبکەرەوە"، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری ناوداری میسڕییە لە دەرهێنانی مەی زایدە. باسی کچە گەنجێکی ئەسکەندەریە دەکات بە ناوی "زەبیبە"،  کە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە کۆنەکەیاندا بۆ ماوەی چەندین ساڵ راهێنانی قورسی بەرزکردنەوەی قورسایی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان، فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر هێز و ئیرادەی کچان. هەروەها فیلمی "ململانێ"، ئەو فیلمە مێژووی 1949 تا 1979 باس دەکات. ئەم فیلمە زیاتر پەیوەندیدارە بە ململانێی مێژوویی، ناسنامە، و شوێنەوارە دەروونییەکانی جەنگ و کۆچکردن لەسەر مرۆڤەکان لە ناوچەکەدا."

ساڤان عومەر ئاماژەی بەوەش دا، "فیلمی "سەردانی سەرۆک"، فیلمێکی کورتی کۆمیدی و رەخنەیی و درامییە، لە دەرهێنانی سیریل عەریسە. چیرۆکی گوندێکی بچووک دەگێڕێتەوە کە خەڵکەکەی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ سەردانی چاوەڕواننەکراوی سەرۆکی وڵات بۆ کارگەی سابوونی گوندەکەیان، فیلمەکە بە شێوازێکی تەنزئامێز باس لە سروشتی دەسەڵات و وێنای سیاسی دەکات."

پڕۆژەی سینەمایی بۆ پیشاندانی فیلمی وڵاتانی عەرەبی، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026، لە سینەماچی لە کارگەی کولتووری سلێمانی بەڕێوەبچێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.