سەباح نوعمان: کۆنترۆڵکردنی چەک ستراتیژییەتێکی ئەمنییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە هێرشەکان بۆ سەر سعودیە و ئیمارات، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو وڵات زانیاری و بەڵگەکان لێکدەداتەوە و هیچ کاتێکی دیاریکراوی پەلە بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکان نییە، جەختیشی کردەوە کە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ هێڵی سوورە.
هەینی 22ـی ئایاری 2026، سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: " بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر وڵاتانی دراوسێ پێکهێنراوە، کە لیژنەیەکی باڵای هەواڵگری و تەکنیکی پسپۆڕە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی مەیدانییان بریتین لە لێکدانەوە و هاوتاکردنی زانیارییەکان و بەڵگە تاوانکارییەکان و رادارەکان بە هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ براکانمان لە ریاز و ئەبوزەبی".
سەباح نوعمان گوتیشی، لە عورفی سەربازی و ئەمنیدا، لێکۆڵینەوە سەروەرییەکان ناخرێنە ژێر گوشاری کات و راگەیاندنی پەلە، بەڵکو پێویستییان بە وردکارییە بۆ گەیشتن بە تەواوی راستییەکان، روونیکردەوە: "رەوایەتی فەرمی عێراق روونە: ئاسایشی براکانمان هێڵی سوورە و دەسەڵاتی یاسا بۆ هەمووانە بەبێ جیاوازی، ئەگەر تێوەگلانی هەر لایەنێک یان کەسێک بسەلمێندرێت، تەنها روبەڕوی دادگا نابنەوە، بەڵکو هێزە چەکدارەکانمان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق و پێشێلکردنی سەروەری مامەڵەی لەگەڵ دەکەن".
جەختی لەوەشکردەوە، دەوڵەت رێگە نادات هیچ لایەنێک هەڵوێستی پێچەوانەی بڕیارە سەروەرییەکانی هەبێت و هەرکەسێک تێوەگلانی بسەلمێندرێت، بەپێی یاسای دژە تیرۆر و یاسا سەربازییەکان هەموو لێکەوتە یاسایی و سەربازییەکانی دەکەوێتە ئەستۆ.
سەبارەت بە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک، سەباح نوعمان روونیکردەوە، ئەمە تەنها دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو ستراتیژییەتێکی ئەمنییە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، گوتیشی، پلانە مەیدانییەکان دەستیان پێکردووە لە رێگەی چالاککردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان و نوێکردنەوەی بنکەی زانیارییەکانی تایبەت بە چەک، بە ئامانجی ئەوەی دەوڵەت تەنها لایەن بێت کە خاوەنی هێز و بڕیار بێت.