وەزارەتی کشتوکاڵ هۆکاری گرانبوونی نرخی گۆشت رووندەکاتەوە
نەبەز رەفعەت: خەڵکی کوردستان لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکاندا لە ناوچەکەدا نموونەیین
راوێژکارێک لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 چەند زانیارییەکی نوێی لەسەر نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لەناو ئاژەڵان و رێکارە تەندروستییەکان بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو.
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، نەبەز رەفعەت، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵدا زۆر بە روونی دەرناکەون و تەنیا هەندێک نیشانەی سووکی وەک: (تا لێهاتنێکی کاتی، بێهێزی و تەمەڵی، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن بۆ چەند رۆژێک) لە ئاژەڵەکەدا دەردەکەون. راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند: "ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە لەشی ئاژەڵەکاندا دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە لەو ماوەیەدا ئاگادارییەکی ورد هەبێت."
وەزارەتی کشتوکاڵ داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی تەندروستییان، دوای سەربڕینی ئاژەڵ، پێویستە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گۆشتەکە لە پلەی گەرمی 4 پلەی سیلیزی لەناو ساردکەرەوەدا دابنرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە و گۆشتەکە بۆ خواردن شیاو دەبێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا، جەخت کرایەوە، پێویستە ئاژەڵ تەنیا لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێت و لە ماڵان و کۆڵانەکاندا رێگری لێ بکرێت.
نەبەز رەفعەت ستایشی ئاستی رۆشنبیری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "خەڵکی کوردستان هۆشیارتر و ئاگادارترن وەک لە هاووڵاتییانی دیکەی ناوچەکانی دەوروبەر، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیریان کە بەردەوام پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی وەزارەت دەبن."
سەبارەت بە ئاژەڵی هاوردە، راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ روونی کردەوە، بەگوێرەی یاسا ئاژەڵەکان کەرەنتینە دەکرێن و ئەگەر نەخۆشی درێژخایەنیان هەبێت لەناو دەبرێن. هەروەها سەبارەت بە گرانبوونی نرخی گۆشت، ئاماژەی بەوە کرد، داخستنی هەندێک سنوور و فڕۆکەخانە و کەمبوونەوەی خەزێنەی ئاژەڵ لە ناوچەکەدا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و زیادبوونی خواست لەسەر گۆشتی بەستووی هاوردە وەک جێگرەوەیەک.