مژدە بۆ مووچەخۆران؛ مووچەی هەرێم بەر لە جەژن دەگات
وەزیری دارایی عێراق، ئاشکرای کرد، "بەر لە هاتنی جەژنی قوربان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکەم".
شەممە، 23ـی ئایاری 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق خەرج دەکەم.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، پرسیاری ئەوەی لە وەزیری دارایی عێراق کرد؛ ئایا مووچە لەکاتی خۆیدا رەوانە دەکەن؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ئینشائەڵڵا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە بەغدا رایگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، داوامان کردووە پرسی مووچە جیا بکرێتەوە لە هەموو کێشەکانی دیکە، هەروەها مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک مووچەی هەموو فەرمانبەرێکی دیکەی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.