پێت هێگسێت: سوپای ئەمریکا لە ساڵی 2027 گەورەتر دەبێت

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامانجیەتی قەبارەی سوپاکەی لە ساڵی 2027ـدا زیاد بکات، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێکارە گشتگیرەکاندا دێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانی وەرگرتنی سەربازەی کە سوپا لە ساڵانی رابردوودا پێوەی دەیناڵاند.

شەممە 23ـی ئایاری 2026، ئەم لێدوانانەی پێت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا بوو لەبەردەم دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازیی "وێست پۆینت" لە ویلایەتی نیویۆرک. هێگسێت گوتیشی: "لە ساڵی داهاتوودا کە قەبارەی سوپا زیاد دەکەین، سوپاکە گەورەتر دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، سوپای ئەمریکا ئامانجەکانی خۆی بۆ ساڵی 2026 سەبارەت بە وەرگرتنی سەرباز بە تەواوی پێکاوە.

ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە جەنەراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو، ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئێستادا نزیکەی 1.8 ملیۆن کەسە.

پێشتر فەرماندەیی سوپا ناچار بوو رێکاری توند بگرێتە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانەی لە ساڵانی 2022 و 2023ـدا دروست ببوو، کاتێک سوپا نەیتوانی ئامانجەکانی بۆ وەرگرتنی سەرباز بە رێژەی 23% و 25% بەدی بهێنێت.

رێکارە نوێیەکان ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرن:
1-  بەرزکردنەوەی تەمەنی وەرگرتن بۆ هێزە وشکانییەکان لە 35 ساڵەوە بۆ 42 ساڵ، کە لە 20ـی نیسانی رابردووەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
2-  ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانەی کە تەنها یەک سزای تاوانبارییان هەیە و پەیوەستە بە بەکارهێنانی ماددەی "ماریجوانا"، بە جۆرێک چیتر پێویستیان بە رەزامەندیی تایبەت نابێت.

ئامانج لە بەرزکردنەوەی تەمەن ئەوەیە کە هێزە وشکانییەکان هاوتای بەشەکانی دیکەی سوپا بکرێن؛ بەو پێیەی هێزی ئاسمانی و هێزی بۆشایی ئاسمان تا تەمەنی 42 ساڵ سەرباز وەردەگرن، پاسەوانی کەناراوەکان و هێزی دەریاییش تا 41 ساڵ، تەنها هێزی "مارێنز" تەمەنی 28 ساڵیان وەک سنوور دیاری کردووە.

داتاکان دەریانخستووە کە سوپای ئەمریکا لە ساڵانی 2024 و 2025ـدا سەرکەوتوو بووە لە پێکانی ئامانجەکانی وەرگرتن، ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی ئەو ریفۆرمانەیە کە ئەنجام دراون.

فەرماندەیی وەرگرتنی سوپا هۆکاری قەیرانەکانی رابردووی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندووەتەوە، لەوانە: گۆڕانکاری لە بازاڕی کار، کەمیی زانیاری لەسەر خزمەتی سەربازی، و نەبوونی گەنجی شیاو بەهۆی کێشەکانی وەک قەڵەوی، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تەندروستی دەروونی.

هەرچەندە پێت هێگسێت رێژەیەکی دیاریکراوی بۆ زیادکردنی سوپا لە ساڵی 2027ـدا دەستنیشان نەکرد، بەڵام لێدوانەکانی ئاراستەی ئیدارەی ترەمپ نیشان دەدەن بەرەو بەهێزکردنی تواناکانی سوپا لە سایەی توندبوونی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا.