فیلمێکی کوردی لە ئیسپانیا کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات

فیلمی "دەریای هیوا"، لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەکرە، لە دووەمین فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی تیشکی رووناکی لە ئیسپانیا لە جەزیرەی ئیبیزا، پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی ئایاری 2026، جوبرائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی گوت، "گرنگترین دەستکەوت بۆ فیلمی "دەریای هیوا"، ئەوەیە کە گەیشتۆتە قۆناخی کۆتایی فێستیڤاڵەکە، ئەوەش واتای ئەوەیە لەناو باشترین و کاریگەرترین بەرهەمەکانی ئەم خولەدا هەڵبژێردراوە، لە فێستیڤاڵێکدا کە پێوەرەکانی تەنیا تەکنیک نییە، بەڵکو قوڵی پەیام و کاریگەری مرۆییە، ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتنێکی گرنگ و جێی شانازییە."

جوبرائیل ئەبوبەکر گوتیشی، "فیلمی "دەریای هیوا" کورتە فیلمێکە کە پەردە لەسەر زیانە مرۆییەکانی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات. فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە رێگا مەترسیدارەکاندا دەڕۆن کە مردن و خنکان لە هەموو وەرچەرخانێکدا دەڕوانن، لە گەڕانێکی بێهیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت."

ئەو دەرهێنەرە باس لە گرنگی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی تیشکی رووناکی، یەکێکە لەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییانەی کە گرنگی بە چیرۆکگێڕیی قووڵ و مرۆیی دەدات، نەک تەنیا بە لایەنی تەکنیکی فیلمسازی. ئەم فێستیڤاڵە تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە پشتگیریی لەو بەرهەمانە دەکات کە هەوڵ دەدەن هۆشیاری مرۆڤ، تێگەیشتن و پەیوەندییە مرۆییەکان فراوانتر بکەن."

جوبرائیل ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش دا، "فێستیڤاڵەکە بە ناوی ئەکتەری بەناوبانگی بەریتانی رەی ستێڤنسن دامەزراوە؛ ئەو هونەرمەندەی بە کارەکانی لە فیلم و زنجیرە دراماکانی جیهانی ناسراوە. دوای مردنی رەی ستێڤنسن، هاوڕێ و هونەرمەندەکانی ئەم پڕۆژەیان وەک میراتێکی هونەری بەردەوامیان پێدا، بەو باوەڕەی هونەر دەتوانێت گۆڕانکاریی لە بیرکردنەوە و هەستی مرۆڤ دروست بکات."

بڕیارە 29ی ئایاری 2026، دووەمین فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی تیشکی رووناکی، لە ئیسپانیا لە جەزیرەی ئیبیزا بەڕێوەبچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.