هەولێر؛ گازی شل بەسەر سەمونخانە و نانەواخانەکان دابەش دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، بڕیاردراوە گازی شل بەسەر نانەواخانە و سەمونخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەشبکرێت.
یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026، بەڕیوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیکردنی نانەواخانە و سەموونخانەکانی سنووری پارێزگاکە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەستی بە دابینکردنی غازی شل (LPG) کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پرۆسەیە لە رێکەوتی 23ـی ئایارەوە دەستیپێکردووە، جەختی لەوەشکردووەتەوە، لەسەر رەزامەندی پارێزگای هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێر خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی بڕیارەکە، بڕی (1000) لیتر گازی شل بۆ خاوەن سەموونخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دابین دەکرێت.
ئەم دەسپێشخەرییەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان بە ئامانجی هاوکاریکردنی خاوەن پیشەکان و رێکخستنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان دێت، تاوەکو بە شێوەیەکی گونجاوتر خزمەتگوزارییەکان بگاتە دەستی هاووڵاتییان و سەقامگیری لە بازاڕدا دروست ببێت.