شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەچێتە بەغدا

شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بۆ دەستپێکردنەوە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت گەرەنتی ئەمنی دەچێتە بەغدا.

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند، کە لەم نزیکانە شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان 30 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، ئەمەش بەهۆی بۆردومانی گرووپ و میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان و رۆیشتنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان.

لە کاتی سەردانی عەلی زەیدی بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رێککەوتن کە بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکرێت، بەڵام مەسرور بارزانی داوای گەرەنتی کرد، کە بۆردومانەکان بوەستێندرێن و ئەوان بڕوا بە کۆمپانیاکان دەهێنن کە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و بەرهەمهێنان زیاد دەکەن.

هاوکات عەلی زەیدیش بەڵێنی بە مەسرور بارزانیدا کە چیتر هەرێمی کوردستان ناکرێتە ئامانج، خۆتان دەزانن لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوو و ژمارەیەک درۆن ئاراستەی هەرێم کران، جا ئەم شاندە لەم نزیکانە دەچێتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق باس لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گەرەنتی ئەمنی دەکات.

دوێنی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، سەبارەت بەو پرسە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرای کرد، "بڕیارە دوای پشووەکانی جەژن، شاندێکی حکوومەتی هەرێم لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بچنە بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ."

گوتیشی: "یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بابەتی گەرەنتی ئەمنییە بۆ کێڵگە نەوتییەکان کە کۆمپانیاکان داوای دەکەن. سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی بەڵێنی داوە کە ئەو گەرەنتییە بدات بۆ ئەوەی هێرشەکان دووبارە نەبنەوە." جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیارە بە زووترین کات هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.