3 یانەی كوردستانی مافی بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكانی ئاسیا بەدەستهێنا

بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراق 8 یانە مۆڵەتی بەشداریكردنیان وەرگرت

بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا گڵۆپی سەوزی بۆ هەشت یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراق هەڵكرد كە دەتوانن بۆ وەرزی داهاتوو بەشداریی لە پاڵەوانێتییە كیشوەرییەكان بكەن، لە نێویاندا 3 یانەی كوردستانی تێدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25 ئایاری 2026، عەمار عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری لێژنەی مۆڵەتدان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند لە ماوەكانی رابردوو چەندان یانەی عێراق فایلی بەشداریكردنییان بۆ پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی پێشكەش كرد بوو، لە نێویاندا هەشت یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراق مۆڵەتی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتی كیشوەری بۆ وەرزی 2026 ـ 2027 بەدەستهێنا.
لە ماوەكانی رابردوو لێژنەیەك كە لە ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا پێكهاتبوو، بە مەیدانی سەردانی ئەو یانانەیان كردبوو كە داوای مۆڵەتیان لە پاڵەوانێتییەكانی ئاسیا كرد بوو، لە نێویاندا ئەم یانانە رێككارەكانیان لەڕووی یاریگە و كێشەی گرێبەستی یاریزانان و راهێنەران تەواو بوو، بۆیە بە فەرمی دەتوانن بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عێراق بكەن، یانەكانیش پێكهاتوون لە (قوە جەوییە، شورتە، هەولێر، زەورا، گەرمە، زاخۆ، دهۆك و كارەبا، بەمەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراق هەشت یانە لە هەموو فلتەر و پێوەرەكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دەردەچن.