بازاڕی ئاژەڵان لە هەولێر سستە و نرخەکان بەرز بوونەتەوە

ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان، هاووڵاتییان بۆ کڕینی ئاژەڵی قوربانی روو لە مەیدانەکان دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بازاڕی ئاژەڵان لە هەولێر سستیی پێوە دیارە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، محیەدین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند "بازاڕی ئاژەڵ لە مەیدانی هەولێر بەراورد بە ساڵی رابردوو کز بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نرخی ئاژەڵ ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە."

محیەدین خەیلانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر گۆلکێکی 400 کیلۆیی بە نموونە وەربگرین، نرخەکەی بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 600 هەزار دینار زیادی کردووە. هەروەها گوتیشی "رۆژانە سێ هەزار سەر مەڕ و کاوڕ لە مەیدانی هەولێرەوە هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق دەکرێن، لە بەرانبەریشدا ئێستا لە سووریاوە هیچ ئاژەڵێک هاوردەی هەرێمی کوردستان ناکرێت."

سەبارەت بە خواستی کریاران، محیەدین خەیلانی روونی کردەوە کە بەهۆی رێنماییە شەرعییەکانەوە، زۆرترین خواست لەسەر (جوانەگا، گۆلک، مەڕ و بزن)ە، هەرچەندە وشتر یەکێکە لە ئاژەڵە رێگەپێدراوەکان بۆ قوربانی، بەڵام خواستێکی کەمی لەسەرە.

نرخی ئاژەڵ بە "زیندە قەپان" (کیلۆیەکی) لە مەیدانی هەولێر بەم شێوەیە:

جوانەگا: 9,000 دینار.

گۆلکە مێ: 8,500 دینار.

مەڕ و بزن: 7,000 دینار.

ئەم نرخانە بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی دوو هەزار دینار گرانتر بوون، ئەمەش وای کردووە جموجۆڵی بازاڕ وەک پێویست گەرم و گوڕ نەبێت.