تەندروستی جیھانی: ئیبۆلا لە کۆنگۆ و ئۆگاندا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە

تێدرۆس ئەدھانۆم گیبرێیسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، رایگەیاند، خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و ئۆگاندا، لە توانای ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوە زیاترە، ئاماژەی بەوەش کرد، دوایین ئاماری مردنە گوماناوییەکان گەیشتووەتە 220 کەس.

دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، تێدرۆس ئەدھانۆم گیبرێیسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، لە گوتارێکدا کە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی یەکێتی ئەفریقا پێشکەشی کرد رایگەیاند، ھەر دواکەوتنێک لە دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، بەواتای ئەوە دێت کە تیمەکانی وەڵامدانەوە لە ژێر فشارێکی بەردەوامدا دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، و پێدەچێت پێش ئەوەی بارودۆخەکە بەرەو باشی بچێت، پەتاکە توندتر ببێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە بڕیاری داوە رۆژی سێشەممە سەردانی کۆنگۆ بکات کە ناوەندی سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە، هاوکات گوتیشی: "بە پەلە کار دەکەین بۆ فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکان، بەڵام لە ئێستادا پەتاکە بە خێراییەک گەشە دەکات کە لە توانای ئێمە بۆ کۆنترۆڵکردنی خێراترە"، جەختیشی کردەوە پێویستە وڵاتانی دراوسێی کۆنگۆ رێکاری بەپەلە بۆ خۆپاراستن بگرنە بەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پەتایەدا ئاڵۆزتر بووە بەھۆی نەبوونی ئاسایشی تەندروستی لە ناوچەکانی ئیتوری و باکووری کیڤۆ لە کۆنگۆ، هەروەها نەبوونی کوتانی پەسەندکراو بۆ سلالەی "بۆندیبۆجیۆ"، رێکخراوەکە دەڵێت جگە لە توندوتیژی چەکداری، جووڵەی زۆری دانیشتوان مەترسییەکانی زیاتر کردووە.

تووشبووی نوێ لە ئۆگاندا

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی ئۆگاندا رۆژی دووشەممە دۆزینەوەی دوو حاڵەتی نوێی پشتڕاستکراوەی ئیبۆلای راگەیاند، بەوەش کۆی گشتی تووشبووان لەو وڵاتەدا گەیشتە 7 کەس، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو تووشبووە نوێیە کارمەندی تەندروستین لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە کامپالای پایتەخت.

تا ئێستا لە کۆنگۆ 83 حاڵەتی پشتڕاستکراوە و 746 حاڵەتی گوماناوی تۆمارکراون. رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە، بڵاوبوونەوەی پەتای "بۆندیبۆجیۆ"ی دەگمەن، باری نائاسایی تەندروستییە و جێگەی نیگەرانییەکی نێودەوڵەتییە.

ڤایرۆسی ئیبۆلا نەخۆشییەکی کوشندەیە و دەبێتە ھۆی تایەکی زۆر، ئازاری جەستە، رشانەوە و سکچوون، ئەم ڤایرۆسە لە رێگەی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی تووشبوو یان کەلوپەلی پیسبوو بڵاودەبێتەوە.