نەرویج.. فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ" نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ"، کە لەلایەن دیاکۆ بایز کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، لەشاری ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج نمایش دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، دیاکۆ بایز، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی گوت، "فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ"، بە زمانی کوردی و بە ژێرنووسی ئینگلیزی نمایش دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پەیام و چیرۆکە مرۆییەکەی بگەیەنێتە بینەرانی جیاواز. ئەم فیلمە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش باس لە ململانێ و کێشەکانی ژیان دەکات، و گرنگی بە هیوا، خۆڕاگری و مانەوەی مرۆڤ دەدات لە دۆخ و هەلومەرجە سەختەکاندا."

دیاکۆ بایز گوتیشی، "ئەو فیلمە سینەماییە بینەر دەباتە ناو چیرۆکێکی پڕ لە هەست و سۆزداری، کە تێیدا پەیوەندییە مرۆییەکان، کاریگەریی کۆمەڵگە و خەبات بۆ داهاتوویەکی باشتر بە شێوەیەکی دروست نیشان دەدرێن. بەهۆی کارەکتەرییەکی بەهێز و گێڕانەوەیەکی نزیک لە ژیانی راستەقینە، فیلمەکە توانیویەتی وێنەیەکی جیاواز و کاریگەر لە کولتوور و ژیانی رۆژانەی کوردستان پێشکەش بکات."

فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ"، لە دەرهێنانی دیاکۆ بایزە و هەر یەکە لە، رزگار باهیر و دیمەن زەندی و حەمە شێروانی و یاسین عومەر و شازادە جەبار و هێڤار جەبار رۆڵی سەرەکی  تێدا دەگێڕن. 

بڕیارە 30 ئایاری 2026، فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ"، لە شاری ئۆسڵۆی پایتەختی وڵاتی نەرویج نمایش بکرێت.