هاڕوون ئەحمەد بڕیاری دا یانەی دهۆك جێبهێڵێت
هاڕوون ئەحمەد لە نێوان دوو بژاردە خۆی یەكلایی كردەوە
هاڕوون ئەحمەد، جەنگاوەرە دێرینەكەی دهۆك بڕیاری داوە بە یەكجاری ماڵئاوایی لە ریزی هەڵۆكانی بادینان بكات و لەبەردەم دوو بژاردەی یەكلاكەرەوەدایە.
هاڕوون ئەحمەد، كاپتن و مایسترۆی یانەی دهۆك بڕیاری داوە لە مێركاتۆی هاوینە یانەكە جێبهێڵێت، سبەی دوایین یاریی لەبەردەم هاندەرانی دهۆك دەكات و ماڵئاوایی لە یانەكە دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، هاڕوون ئەحمەد جیا لەوەی ئۆفەرێكی لە هەردوو خولی سعوودیە و كوێت پێگەیشتووە، لە خولی ئەستێرەكانی عێراقیش ئۆفەرێكی دیکەی گرانبەهای پێگەیشتووە.
هاڕوون ئەحمەد، تەمەنی 31 ساڵە، بڕیاری داوە لە نێو عێراق تەنیا یاریی بۆ گەرمە بكات، لە دەرەوەی عێراقیش زیاتر لە یانەی قادسیەی كوێتی نزیكە.
پێشتر لە خولەكانی كوردستان، یاریی بۆ یانەكانی هەڵۆ و برایەتی كردووە، لە خولی ئەستێرەكانی عێراقیش درێسی زاخۆی پۆشیوە، لە دەرەوەی عێراقیش 51 یاری بۆ داڵكورد كردووە، 2 گۆڵ و ئەسیستێكی كردووە.
هاڕوون ئەحمەد بۆ یەكەمجار لە 2020 واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەی دهۆك كرد، لەگەڵ یانەی دهۆك لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان بەشداریی لە 67 یاری كردووە، گۆڵێك و چوار ئەسیستی كردووە.
