ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: باشترە قوربانی لە کوردستان بکرێت و نەبرێتە دەرەوە

دیمەنی ئەمڕۆی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، وێنە: کوردستان24
دیمەنی ئەمڕۆی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، وێنە: کوردستان24

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، مەرج و ڕێنماییە شەرعییەکانی ئەنجامدانی قوربانیی بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ راگەیاند و داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ هاوکاریکردنی هەژارانی ناوخۆ، قوربانییەکانیان لەناو هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەنجامدانی قوربانی سوننەتێکی گەورەیە و پێویستە موسڵمانان بەپێی ئەم مەرج و رێنماییە شەرعییانە ئەنجامی بدەن:

1. کاتی سەربڕین: لە دوای نوێژی جەژنی قوربانەوە دەستپێدەکات تاوەکو ئاوابوونی خۆر لە چوارەم ڕۆژی جەژن.

2. مەرجی ئاژەڵەکە: پێویستە مەڕ یەک ساڵ و بزن دوو ساڵی تەواو کردبێت، بۆ ڕەشەوڵاغ (مانگا و گا) دەبێت دوو ساڵی تەواو کردبێت و بۆ حەوت کەس دەبێت، مەرجە ئاژەڵەکان ساغ بن و کەمئەندام و زۆر لاواز نەبن.

3. شوێنی قوربانی: ئەنجوومەنی فەتوا داوا دەکات قوربانییەکان لە ناوخۆی کوردستان بکرێن و پارە بۆ دەرەوەی وڵات نەنێردرێت بۆیە داواکارین کەس قوربانی نەباتە دەرەوەی کوردستان، "بەتایبەت کە ئەمساڵ هەژاری و نەدارییەکی زۆر هەیە لە باشوری کوردستان و تێکڕای پارچە دابڕاوەکانی دیکەش"

4. دابەشکردن: ئەو قوربانییەی بە "نەزر" کراوە، نابێت خاوەنەکەی لێی بخوات و دەبێت هەمووی بدرێتە هەژاران. بەڵام قوربانی سوننەت، دروستە خاوەنەکەی و ماڵ و منداڵی لێی بخۆن و بەیەک جەستەش بۆ هەموو خێزانەکە هەژمار دەکرێت.

5. قوربانی بۆ مردوو: ئەگەر مردوو وەسێتی کردبێت، دەبێت لە میراتەکەی بۆی بکرێت و هەمووی بدرێتە هەژاران. ئەگەر وەسێتی نەکردبێت، واریسەکان دەتوانن لەسەر ئەرکی خۆیان بۆی بکەن.

6. ڕێنمایی تەندروستی: گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و لە کوشتارگە فەرمییەکاندا ئاژەڵەکان سەرببڕن بۆ پاراستنی ژینگەی شار و تەندروستی گشتی.

سبەی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و ساڵانە هاووڵاتییان لە چوار رۆژی ئەو جەژنەدا بە رێژەیەکی زۆر قوربانی دەکەن.