میدیای فەرمیی ئێران رەشنووسی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتنی بڵاو کردەوە

میدیای فەرمیی ئێران وردەکاریی "رەشنووسێکی نا فەرمی" بڵاو کردەوە کە تێیدا چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان دیاری کراوە. بەپێی دەقەکە، ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکان لادەبات و لە بەرانبەردا ئێران جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ئاسایی دەکاتەوە، بەو مەرجەی هەموو هەنگاوەکان "دڵنیابوونەوەی کردەیی"یان لەگەڵ بێت.

چوارشەممە 27ی ئایاری 2026، بەپێی ئەو بەڵگەنامە نا فەرمییەی کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، چەند خاڵێکی سەرەکی وەک بنەمای رێککەوتنی "ئیسلامئاباد" دەستنیشان کراون:

یەکەم: گەمارۆ و کشانەوەی سەربازی:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران. هەروەها واشنتن بەڵێنی داوە هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە، بەڵام هێشتا گفتوگۆ لەسەر ئەوە ماوە کە ئایا ئەمە تەنیا ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە تازە هێنراونەتە ناوچەکە یان بنکە جێگیرەکانیش دەگرێتەوە.

دووەم: گەرووی هورمز و جووڵەی کەشتیوانی:

لە بەرانبەردا، ئێران پابەند دەبێت بەوەی لە ماوەی یەک مانگدا، ژمارەی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزەوە بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ بەرز بکاتەوە. رەشنووسەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ئاسانکارییانە تەنیا بۆ "کەشتییە بازرگانییەکانە" و کەشتییە جەنگییەکان ناگرێتەوە. هەروەها بەڕێوەبردنی رێڕەوەکانی کەشتیوانی بە هەماهەنگیی نێوان ئێران و عومان دەبێت.

سێیەم: گەرەنتی نێودەوڵەتی و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان:

هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنەی کە ئەگەر لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، ئەوا دەقی رێککەوتنەکە دەبرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وەک "بڕیارنامەیەکی پابەندکەر" پەسەند دەکرێت تاوەکو گەرەنتی جێبەجێکردنی هەبێت.

چوارەم: مەرجی تاران بۆ جێبەجێکردن:

سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، لایەنی ئێرانی جەختی کردووەتەوە کە "چوارچێوەی ئیسلام ئاباد" هێشتا کۆتایی نەهاتووە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێن تا ئەو کاتەی پابەندییەکانی ئەمریکا پشڕاست دەکرێنەوە.

ئەم پێشهاتە وەک تیشکێکی ئومێد بۆ کۆتاییهێنان بە سێ مانگ لە جەنگی وێرانکەر دەبینرێت کە کاریگەرییەکی قورسی کردبووە سەر بازاڕی وزە و ئاسایشی نێودەوڵەتی.