سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بە دانیشتووانی باشووری لوبنان دەدات
سوپای ئیسرائیل، بە فەرمی رایگەیاند؛ تەواوی ناوچەکانی باشووری رووباری زەهرانی لە باشووری لوبنان بووەتە ناوچەی جەنگ و داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کرد دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی، لە هەژماری فەرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئامۆژگاری دانیشتووانی باشووری لوبنان دەکەین، بەرەو باکووری رووباری زەهرانی کۆچ بکەن، چونکە تەواوی ئەو ناوچانەی دەکەونە باشووری رووبارەکەوە بە ناوچەی شەڕ و پێکدادان دادەنرێن."
رووباری زەهرانی لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە و نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە باکووری سنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنانەوە دوورە. ئەو رووبەرەی دەکەوێتە باشووری ئەم رووبارە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
ئەم بڕیارەی سوپا ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی زیاتری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە زیاتر لە 120 هێرشی ئاسمانی کرایە سەر ناوچە جیاجیاکانی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان، ئەمەش سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی کە لە 16ی نیسانی رابردوو راگەیەندرابوو.
پێشتر سوپای ئیسرائیل تەنیا داوای چۆڵکردنی ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی کردبوو، بەڵام ئەمە یەکەمجارە فەرمانی چۆڵکردن تەواوی ناوچەکانی باشووری رووباری زەهرانی بگرێتەوە، کە پانتاییەکی زۆر فراوانتر لەخۆ دەگرێت.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەیدا، سوپای ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە، بۆ پاراستنی گیانیان، لە ئەندامانی حزبوڵڵا، بنکە و دامەزراوە سەربازییەکان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئەو حزبە دوور بکەونەوە.