ئێران: یەدەگی دراومان زۆر کەمە
ئێران: گەل ناتوانێت چیتر بەرگەی گەمارۆکان بگرێت
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، تاران ناتوانێت بۆ ماوەیەکی نادیار لە دۆخی جەنگ و گەمارۆدا بمێنێتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، گەلی ئێران چیتر توانای بەرگەی بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکای نەماوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەو بەرپرسە ئێرانییە هۆشداریی داوە یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکەی تەنیا بۆ ماوەی 3 مانگ بەشی دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قورسیی ئەو گوشارە داراییەی بەهۆی سزایانەی رووی لە تاران کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگ و دانوستان لەگەڵ واشنتن رایگەیاند؛ وڵاتەکەی دەستبەرداری داواکارییە بنەڕەتییەکانی نابێت.
ئیبراهیم عەزیزی جەختی کردەوە، هێڵە سوورەکانی ئێران بریتین لە، مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، خاوەندارێتی یۆرانیۆمی پیتێنراو، پاراستنی دەسەڵاتی تاران بەسەر گەرووی هورمز و هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان.
هەروەها عەزیزی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "روونە کە ترەمپ دەیەوێت لەم چەقبەستووییە ستراتیژییە رزگاری بێت، بۆیە جارێک پەنا بۆ هەڕەشە دەبات و جارێکی دیکە داوای رێککەوتن دەکات."