ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
ئیدارەی ئەمریکا لە چوارچێوەی فشاری ئابووری و سەربازیی دا، سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند. سزاکان بە پلەی یەکەم ئەو دەستە تازە دامەزراوەی تاران دەکەنە ئامانج کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز پێسپێردراوە.
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئەمریکا، ئەم سزایانە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەیەکی سەربازیی ئێران دێت، وەک وەڵامێک بوو بۆ خستنەخوارەوەی چەند درۆنێکی هێرشبەری ئێرانی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە. سزاکان راستەوخۆ ئەو دەستەیە و هەر لایەن یان کەسێک دەگرێتەوە هاوکارییان بکات.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، دەستە ئێرانییەکە دەستی کردبوو بە سەپاندنی باجی تێپەڕبوون بە بڕی 2 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەشتییەک کە بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت.
لەم بارەیەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "دوایین هەوڵی سوپای ئێران بۆ سەرانەوەرگرتن و تێکدانی بازرگانی دەریایی جیهانی، بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی سیاسەتی فشاری ئابووری، دەسەلاتی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێکی بەرزی بێئومێدی دارایی."
هاوکات لەگەڵ ئەم سزایانە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بۆ زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە "ئەم رێکارە توندانە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تاران ئامادە دەبێت بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی."
سوپای پاسدارانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، رایگەیاند؛ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج. ئەم هەنگاوەی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشانەی کە سوپای ئەمریکا کردبوویە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای پاسداران کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی کردووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە وەڵامی ئەو دەستدرێژییەی کە سوپای داگیرکەری ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ کردیە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس، هێزەکانمان ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکایان کردە ئامانج کە سەرچاوەی هێرشەکە بووە."
هەرچەندە سوپای پاسداران شوێنی وردی ئەو بنکە ئەمریکییەی ئاشکرا نەکردووە کە کراوەتە ئامانج، بەڵام هاوکات دەسەڵاتدارانی کوەیت کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرپەرچی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان داوەتەوە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆن دوژمن بووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرچاوەی هێرشەکان دیار نییە و دەستنیشان نەکراوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کوەیت (کۆنا) بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "ئەو دەنگی تەقینەوانەی کە لە ناوچە جیاجیاکان دەبیسترێن، دەرەنجامی کارکردن و تێکشکاندنی ئامانجەکانە لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە."