سوپای ئیسرائیل کوژرانی پلەدارێکی لە سنووری لوبنان راگەیاند

سوپای ئیسرائیل کوژرانی پلەدارێکی سوپاکەی و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەسەر سنووری لوبنان راگەیاند، هاوکات هێرشەکانی بۆ سەر شاری سوور و چەند ناوچەیەکی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پلەدارێکی ئافرەت بە پلەی "رەقیب" کوژراوە و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون، کە هەر سێکیان سەر بە لیوای "گیڤعاتی"ن. بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپا، باری تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە و ئەوی دیکەیان مامناوەندە.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە ئامانجێکی ئاسمانیی گوماناویان لە ئاسمانی باشووری لوبنان تێکشکاندووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل لێدرا، وەک هۆشدارییەک لە ئەگەری دزەکردنی "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانە".

هاوکات، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی حزبوڵڵایان لە شاری سوور لە باشووری لوبنان بۆردومان کرد. میدیاکانی لوبنانیش بڵاویانکردەوە، جگە لە شاری سوور، شارۆچکەی حەبووش لە قەزای نەبەتییەش کراوەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.

سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان فراوانتر کردووە و ناوچە تێپەڕیوەکانی باشووری رووباری زەهرانیی وەک "ناوچەی جەنگ" ناساندووە، هاوکات هۆشداریی نوێی بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی شاری سوور و دەوروبەری بۆ هاووڵاتییان دەرکردووە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ چڕکردنەوەی هێرش و پێکدادانەکان.