بە فەرمی فیفا یانەی هەولێری لە 3 ماوەی گواستنەوەی یاریزانان سڕ دەكات

لە عێراق 7 یانە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان سڕ كران

پێكهاتەی یانەی هەولێر بۆ وەرزی 2025 ـ 2026
پێكهاتەی یانەی هەولێر بۆ وەرزی 2025 ـ 2026

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لیستێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا ناوی سەرجەم ئەو یانانەی تێدایە كە لە سەرتاسەری جیهان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان سڕ كراون، لە عێراق ناوی 7 یانەی تێدایە، هەولێر یەكێكە لەو یانانەی لە 3 ماوەی گواستنەوەی یاریزانان سڕ كراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28 ئایاری 2026، فیفا ناسنامەی ئەو یانەی ئاشكرا كرد كە بەهۆی سكاڵای یاریزانان و شایستە داراییەكانیان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان سڕ كراون، لە لیستەكەدا ناوی نزیكەی 1500 یانەی جیهانی تێدایە، لە عێراق ناوی حەوت یانەی تێدایە، یانەكان پێكهاتوون لە (هەولێر، نەجەف، تەڵەبە، فەهد، نەفتی وەسەت و دیوانیە و قاسم).
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نێو لیستەكەدا بڵاوكراوەتەوە یانەی هەولێر لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، زستانە و هاوینی داهاتوو ناتوانێت هیچ یاریزانێك بگوازێتەوە، تەنانەت رێگەی پێ نادرێت گرێبەستی یاریزانەكانیشی نوێ بكاتەوە.
فیفا وردەكاری لەبارەی ناوەڕۆكی سكاڵایەكە بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام سڕكرانەكەی یانەی هەولێر پەیوەندی بە سكاڵای یاریزانانی نێوخۆیی و پیشەگەر هەیە كە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا سكاڵایان لەسەر یانەكە تۆمار كردووە، هەولێر تاوەكو ئەو كێشەیە چارەسەر نەكات ناتوانێت بچێتە نێو مێركاتۆی هاوینە.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە بە دۆخێكی باش تێپەڕ دەبێت و لە خولی ئەستێرەكانی عێراق پلەی سێیەمی ئەم وەرزەی مسۆگەر كردووە و بەشداریكردنی لە چامپیۆنزلیگی كەنداوی وەرزی داهاتوو یەكلایی كردووەتەوە.