کاتی گەڕانەوەی یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیان بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و جەختیش دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا سەرجەم حاجیانی هەرێم سەلامەتن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە کورستان24ـی رایگەیاند "رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2026، یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان کە لە حاجیانی شاری هەولێر پێکدێن، ژمارەیان هەزار و 27 لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە خاکی نیشتمان."
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای گەڕانەوەی یەکەم کاروان، بەپێی خشتەیەکی داڕێژراو کاروانەکانی دیکەش بەدوای یەکدا دەگەڕێنەوە و گوتی "پێش 10ـی مانگی حوزەیران، سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە ناو کەسوکاریان."
دەربارەی دۆخی تەندروستیی حاجیان، کاروان ستوونی دڵنیایی دا و رایگەیاند "تاوەکو ئێستا سوپاس بۆ خودا هەموو حاجیانمان سەلامەتن و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لەناو حاجیانی هەرێمی کوردستاندا تۆمار نەکراوە".
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتن.
ئەمساڵ پێنج ههزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتی سعوودییەیان کردووە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، کە دوو هەزار و 368 ئافرەت و دوو هەزار و 752 پیاون.