ناتانیاهۆ: سوپای ئیسرائیل لە روباری لیتانی پەڕیوەتەوە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە روباری لیتانی لە باشووری لوبنان پەڕیونەتەوە.
هەینی 29ـی ئایاری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سەر سنورە باکوورییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان گوتی: "لێرەم لەگەڵ وەزیری بەرگری و جێگری سوپاسالار و فەرماندەی ناوچەی باکوور و فەرماندەی فیرقە و ئەو فەرماندانەی لێرە دەیانبینن، هەروەها لەگەڵ سەربازەکان لە مەیدانەکەدا".
گوتیشی: "لەگەڵ فەرماندەی ئەو لیوایانە قسەم کرد کە ئێستا لە ناوچەکەدان، گوێیان لێ دەگرم و هەروەها گوێ لەو سەربازانەش دەگرم کە هەندێکیان لێرە لە پشتمەوەن، گیانێکی جەنگی گەورە لێرە هەیە، لە لێرەوە شەڕی دژی حزبوڵڵا لە باکوور بەڕێوە دەچێت".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام بوو و گوتی: "پێویستە پێتان بڵێم کە ئەنجامی زۆر سەرسوڕهێنەر لێرە هەن، هێزەکانمان لە روباری لیتانی پەڕیونەتەوە و چوونەتە ناوچە بەرز و ستراتیژییەکان، هەروەها گوتیشی،" ئێمە لە بەیروت و لە بیقاعیش بە درێژایی تەواوی بەرەکان کار دەکەین و گورزی کەمەرشکێن لە حزبوڵڵا دەدەین".
جەختیشی کردەوە: "کاتێک ئەمە دەڵێم تەنیا قسەیەک نییە، فەرماندەی لیواکان و سەربازەکانیش پێم دەڵێن کە لە هەر رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانێکدا، ئێمە ئەندامانی حزبوڵڵا لەناو دەبەین و وایان لێ دەکەین رابکەن".
سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەتی لە چەند رۆژی رابردوودا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 2ـی ئازاردا گەیشتە لوبنان، دوای ئەوەی حزبوڵڵا موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد وەک وەڵامێک بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە یەکەم رۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
لەو کاتەوە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بەرفراوان بۆ سەر لوبنان ئەنجام دەدات کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، لە کاتێکدا هێزەکانی بەرەو باشووری ئەو وڵاتە پێشڕەوییان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل چەندین جار فەرمانی چۆڵکردنی بۆ ناوچە بەرفراوانەکانی باشووری لوبنان دەرکردووە، لەوانە شاری سوور لە چەند رۆژی رابردوودا، و هێرشی ئاسمانی چڕی ئەنجامداوە.