گرۆسی: کازاخستان ئامادەیی نیشانداوە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی ئێران

رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاشکرای کرد، کازاخستان ئامادەیی نیشانداوە بۆ وەرگرتنی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران کە ئاستەکەی نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

هەینی 29ـی ئایاری 2026، رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "فاینانشال تایمز"ی بەریتانی گوتی، کازاخستان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران ئەگەر واشنتن لەگەڵ تاران بگەن بە رێککەوتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی دیداری قاسم جۆمارت تۆکایێڤ، سەرۆک کۆماری ئەو کازاخستان لەگەڵ گرۆسی لە ئاستانا، پەسەندکردنی بیرۆکەی هەڵگرتنی ئەو کۆگایەی دەربڕیوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کازاخستان میوانداری بانکێکی یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو دەکات کە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدایە، ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبای وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسەکە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، هاوکات ئەو بنکەی کۆگاکردنە لە ساڵی 2018 بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرایەوە.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەردەهێنن دەگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ئێران لەسەر زۆربەی ئەو بەندانەی پەیوەستن بە رێککەوتنی ئەتۆمی رێککەوتوون، جەختیشی کردەوە دەبێت تاران رەزامەندی بدات لەسەر وازهێنانی تەواوەتی و کۆتایی لە چەکی ئەتۆمی.

هەروەها رێککەوتنە ئەگەرییەکە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و ئازادی تێپەڕبوون تێیدا بەبێ هیچ مەرجێک دەگرێتەوە، لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و لادانی مینەکان لە گەرووی هورمز.

هەموو ئەوانە لە کاتێکدایە، چارەنووسی 440 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە رێژەی 60% بە یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسەکان لە دانوستانە نافەرمییەکانی نێوان واشنتن و تاران دادەنرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە.

ترەمپ داوای گواستنەوەی ئەو بڕەی بۆ دەرەوەی ئێران کردووە، هاوکات تاران بە ئاشکرا رایگەیاندووە، کۆگای ئەتۆمی رادەست ناکات، بەڵام پابەندییەک هەیە بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوە یان گواستنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان وەک بەشێک لە رێککەوتنی درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە فشەڵەی تاوەکو ئێستا بەردەوامە.