یەکەمین حاڵەتی چاکبوونەوە لە ڤایرۆسی ئیبۆلا راگەیەندرا

رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی چاکبوونەوەی لە ڤایرۆسی "ئیبۆلا" لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ راگەیاند.

هەینی 29ـی ئایاری 2026، بەرپرسێکی ناو رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای کردووە، یەکەمین حاڵەتی چاکبوونەوە لە ڤایرۆسی "ئیبۆلا" لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە و کەسی تووشبوو بە تەواوی لەو نەخۆشییەی بە هۆی ئیبۆلاوە تووشی بووە چاکبووەتەوە، ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی شەپۆلی ئێستای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دێت لە کیشوەری ئەفریقیا بە تایبەت لە وڵاتی کۆنگۆ. 

ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە، یەکێک لە نەخۆشەکان دوای ئەوەی بە تەواوەتی چاکبووەتەوە، نەخۆشخانەی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ناو خێزانەکەی.

ەاگەیاندنی چاکبوونەوەی کسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنگۆ، دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، تێدرۆس ئەدھانۆم گیبرێیسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، لە گوتارێکدا کە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی یەکێتی ئەفریقا پێشکەشی کرد رایگەیاند، ھەر دواکەوتنێک لە دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، بەواتای ئەوە دێت کە تیمەکانی وەڵامدانەوە لە ژێر فشارێکی بەردەوامدا دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، و پێدەچێت پێش ئەوەی بارودۆخەکە بەرەو باشی بچێت، پەتاکە توندتر ببێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە بڕیاری داوە رۆژی سێشەممە سەردانی کۆنگۆ بکات کە ناوەندی سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە، هاوکات گوتیشی: "بە پەلە کار دەکەین بۆ فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکان، بەڵام لە ئێستادا پەتاکە بە خێراییەک گەشە دەکات کە لە توانای ئێمە بۆ کۆنترۆڵکردنی خێراترە"، جەختیشی کردەوە پێویستە وڵاتانی دراوسێی کۆنگۆ رێکاری بەپەلە بۆ خۆپاراستن بگرنە بەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پەتایەدا ئاڵۆزتر بووە بەھۆی نەبوونی ئاسایشی تەندروستی لە ناوچەکانی ئیتوری و باکووری کیڤۆ لە کۆنگۆ، هەروەها نەبوونی کوتانی پەسەندکراو بۆ سلالەی "بۆندیبۆجیۆ"، رێکخراوەکە دەڵێت جگە لە توندوتیژی چەکداری، جووڵەی زۆری دانیشتوان مەترسییەکانی زیاتر کردووە.

تووشبووی نوێ لە ئۆگاندا

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی ئۆگاندا رۆژی دووشەممە دۆزینەوەی دوو حاڵەتی نوێی پشتڕاستکراوەی ئیبۆلای راگەیاند، بەوەش کۆی گشتی تووشبووان لەو وڵاتەدا گەیشتە 7 کەس، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو تووشبووە نوێیە کارمەندی تەندروستین لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە کامپالای پایتەخت.

تا ئێستا لە کۆنگۆ 83 حاڵەتی پشتڕاستکراوە و 746 حاڵەتی گوماناوی تۆمارکراون. رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە، بڵاوبوونەوەی پەتای "بۆندیبۆجیۆ"ی دەگمەن، باری نائاسایی تەندروستییە و جێگەی نیگەرانییەکی نێودەوڵەتییە.

ڤایرۆسی ئیبۆلا نەخۆشییەکی کوشندەیە و دەبێتە ھۆی تایەکی زۆر، ئازاری جەستە، رشانەوە و سکچوون، ئەم ڤایرۆسە لە رێگەی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی تووشبوو یان کەلوپەلی پیسبوو بڵاودەبێتەوە.