ئێران: هەر کەشتییەکی جەنگی دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بکات هێرشی دەکەینەسەر

سوپای ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەو کەشتییە جەنگییانە دەکاتە ئامانج کە دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بکەن، هۆشداریشی دا هەر سەرپێچییەک لە رێکارە پەسەندکراوەکانی تێپەڕبوون لە گەرووەکە، ئاسایشی کەشتییەکان دەخاتە مەترسییەوە.

شەممە 30ـی ئایاری 2026، سوپای ئێران هۆشدارییەکی بڵآوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەموو کەشتی و تانکەرە نەوتییەکان ناچارن پێش تێپەڕبوون رەزامەندی پێشوەختە لە هێزی دەریایی ئێران وەربگرن، ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت هەموو کەشتییەکان پابەندی ئەو رێڕەوانە بن کە ئێران لە ناو رێڕەوە ئاوییەکەدا دیارییان دەکات.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، گەرووی هورمز رووبەڕووی گرژییەکی زۆر بووەتەوە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە کاتێکدا کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرە نەوتییەکان هەوڵ دەدەن هاتووچۆ لەو رێڕەوە دەست پێ بکەنەوە کە پێشتر پێنجیەکی نەوت و غازی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبوو.

ئەو رێکارانەی کە ئێران دەیەوێت بەسەر هاتووچۆی کەشتیوانیدا لە گەرووی هورمز بسەپێنێت، رووبەڕووی رەتکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی فراوان بووەتەوە، چونکە ئەمریکا و رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی پێیان وایە سەپاندنی باج یان کۆتوبەند لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ئاوییەدا، پێشێلکردنی یاساکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتییە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەتیکردەوە وڵاتەکەی هیچ بڕە پارەیەک بۆ تێپەڕبوون لە گەرووەکە بدات و رایگەیاند، دەبێت هورمز وەک رێڕەوێکی نێودەوڵەتی بە کراوەیی بمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی چاودێری کەشتیوانی و راپۆرتەکان دەری دەخەن کە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و خاوەن کەشتییەکان بەردەوامن لە دوورکەوتنەوە لە هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە کاتی تێپەڕبوونیاندا، ئەمەش بەهۆی مەترسییە یاساییەکان و پرسی دڵنیایی کە پەیوەستن بە پابەندبوون بەو رێکارانەی کە تاران بە تەنیا لە ناو گەرووەکەدا سەپاندوونی.