قالیباف: بێ گەرەنتیی مافەکانمان رێککەوتن ناکەین
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند وڵاتەکەی تەسلیمی فشارەکان نابێت و هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکات کە مافەکانی گەلی ئێران فەرامۆش بکات. قالیباف ئاماژەی بەوە کرد ئێران لە "قۆناغێکی نوێی جەنگ"دایە کە تێیدا دوژمن دەیەوێت لە رێگەی تێکدانی یەکڕیزیی ناوخۆییەوە قەرەبووی شکستی سەربازی بکاتەوە.
یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا رایگەیاند، گەلی ئێران لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی ئیرادەدان و گوتی: "دوژمن لەم قۆناغە نوێیەدا، لە رێگەی فشاری ئابووری و هەڵمەتی میدیاییەوە، هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی و لەناوبردنی تەبایی نیشتمانی دەدات بۆ ئەوەی ناچارمان بکات بە تەسلیمبوون، بەڵام ئەمە خەیاڵێکی پووچە."
قالیباف جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دژ بە "دوژمنێکی تینوو بە خوێن" وەستاوەتەوە کە دەیەوێت ئێران و ئیسلام لەناو ببات، گوتیشی: "نەوەکانی داهاتوو شانازی بەم خۆڕاگرییەی باوک و دایکیانەوە دەکەن. نهێنی سەرکەوتنی ئێمە لەم جەنگەدا تەنیا چەک نییە، بەڵکو یەکڕیزی و خۆڕاگری خەڵکە کە وای کردووە دوژمن پاشەکشە بکات."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی دا، وڵاتەکەی تەنیا کاتێک رازی دەبێت بە رێککەوتن کە دڵنیابن لە پاراستنی تەواوی مافەکانی گەلی ئێران.
ئەم لێدوانانەی قالیباف هاوکاتن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی توندکردنەوەی مەرجەکانی واشنتن. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیازێکی نوێی بۆ تاران ناردووە و تێیدا مەرجەکانی بۆ رێککەوتن توندتر کردووە، بەتایبەت لەبارەی ماددە ئەتۆمییەکان. قالیباف لەم بارەیەوە گوتی: "تاوەکو دڵنیا نەبین لە پاراستنی هەموو مافەکانی گەلی ئێران، هیچ رێککەوتنێک پەسەند ناکەین."
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاند، تاران گەرەنتی داوە چەکی ئەتۆمی دروست نەکات و نەیکڕێت، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئەوەی دەیانەوێت بەدەست نەیەت، "کارەکان بە شێوەیەکی دیکە دەبن."
هاوکات پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداری دا کە ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان هێنا، واشنتن ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ جەنگ دژی ئێران.
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە جەنگ لە نێوان هەردوولا دەستی پێکردووە، و کێشەی "گەرووی هورمز" و "دۆسیەی ئەتۆمی" وەک گەورەترین بەربەست لەبەردەم هەر تێگەیشتنێکی ئاشتییانە ماونەتەوە. تاران سوورە لەسەر ئەوەی پرسی ئەتۆمی دوای واژۆکردنی رێککەوتنی گشتی باس بکرێت، بەڵام واشنتن داوای گەرەنتی پێشوەختە دەکات.