حکوومەتی عێراق بەرهەمی جووتیارانی کورد بە نرخێکی کەمتر وەردەگرێت

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە و وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان، جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەبەرامبەر ئەو جیاکاری و ئاستەنگانە دەردەبڕن کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە، جووتیاران ئاماژە بەوە دەدەن کە بەهۆی کێشەی زەویوزار و بڕیارە سیاسییەکانەوە، ساڵانە تووشی زیانی گەورەی دارایی دەبن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی کورد لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی گوت: کێشەی سەرەکییان پەیوەستە بەو زەوییانەی کە دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140 و بە "دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی" هەژمار دەکرێن. حکوومەتی عێراق گەنمی ئەو زەوییانە بە نرخێکی زۆر کەمتر لە گەنمی ناو پلانەکە وەردەگرێت؛ بە جۆرێک بۆ هەر تۆنێک بڕی 200 بۆ 250 هەزار دینار کەمتر لە نرخی ئاسایی (کە 750 هەزارە) بۆ جووتیارانی کورد ئەژمار دەکرێت.

گوتیشی: داوا لە نوێنەران و وەزیرانی کورد دەکەین کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیان هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەم بابەتەی نرخە چارەسەر بکەن.

یەکێکی دیکە لە جووتیارەکان گوتی " ئێمە بە پلە دوو هەژمار کراوین. نرخی گەنم لە سایلۆ کەمە و لە بازاڕیشدا دۆخەکە خراپە، کرێی گواستنەوەی گەنم زۆر زیادی کردووە، پێشتر هەر تۆنێک بە 15 هەزار دینار دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستا بووەتە 50 هەزار دینار، جگە لەوەی هەر رۆژێک مانەوەی سەیارەکە 100 هەزار دیناری تێدەچێت، ئەمە بارێکی زۆر قورسە بۆ سەر شانمان."

جووتیارێکی دیکە دەڵێت، "ئەو نرخەی بۆ گەنمی دەرەوەی پلان دانراوە کە 500 هەزار دینارە، لە بازاڕدا 300 هەزاریش ناکات. ئەگەر ئاوا بڕوات ناچارین گەنمەکە لەسەر شەقامەکان فڕێ بدەین، چونکە پارەی تێچووەکەی دەرناهێنێت، سیستەمی ئەلیکترۆنییەکەش کێشەی هەیە، رەنگە 20 رۆژی تر نۆرەت بەربکەوێت، کێشەی بازگەکانیشمان هەیە کە داوای ناوی شۆفێر و ژمارەی ئۆتۆمبێل دەکەن و پارەی تێدەچێت، ئێمە تا دەگەینە سایلۆ هیچیان بۆ نەهێشتووینەتەوە."

هەروەها یەکێکی دیکە لە جووتیارە ناڕازییەکان باسی لەوە کرد، "دۆخمان زۆر خراپە و وەک ئەنفال وایە، کێشەی زۆرمان هەیە لە بازگەکان و سایلۆکان، تەنیا بەشەکانی کشتوکاڵ هاوکارن بەڵام ئەوانیش دەسەڵاتیان نەماوە، من خۆم گەنمم دروێنە کردووە، فەرمانبەرانی کشتوکاڵ لەگەڵم بوون لەناو ئۆتۆمبێل بە نووسراوی فەرمییەوە، کەچی لە بازگەی 'سەقزلی' رێگریمان لێ کراوە و گوتوویانە حیساب بۆ کەس ناکەین."