تەسنیم: ئێران گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا راگرت

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، تیمی دانوستانکاری ئێران بەهۆی هێرشەکانی سەر لوبنانەوە، ئاڵوگۆڕی نامەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راگرتووە.

دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە گواستوویەتیەوە: "بەهۆی بەردەوامیی تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بەو پێیەی لوبنان بەشێک بووە لە مەرجەکانی پێشوەختە بۆ ئاگربەست، ئێران ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و نامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەوە لەگەڵ ئەمریکا رادەگرێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسان و دانوستانکارانی ئێران جەختیان لە راگرتنی دەستبەجێی کردەوە دەستدرێژکارانە و دڕندانەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان کردووەتەوە، لەگەڵ پێویستی کشانەوەی تەواوەتی ئەو قەوارەیە لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان.

جەخت لەوەشکراوەتەوە، "هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نادرێت تا ئەو کاتەی داواکارییەکانی ئێران و بەرەی مقاوەمە لەمبارەیەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێت، بەرە بەیانی دوێنێ یەکشەممە، 31ـی ئایار، سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد.

هاوکات یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند.

کاتز رایگەیاندووە، ئەو ناوچەیەی سەربازانی ئیسرائیل کۆنترۆڵیان کردووە، بە ناوچەیەکی سەربازی هەژمار دەکرێت.

هەروەها جەختیکردووەتەوە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەیرووت و ناوچەکانی دیکە نییە، ئەگەر کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی باکووری ئیسرائیل ئارام و پارێزراو نەبن، بە دڵنیاییەوە لە بەیرووتیش ئارامی و ئۆقرەیی نابێت.

کاتز دەڵێت "سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆن و چالاکییە سەربازییەکانی لە دژی چەکدارانی حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت و ژێرخان و توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا لاوازکراون، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی لەسەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل، ئێستاش ناوچەی لیتانی دەبێت لە چەک و چەکدارانی حزبوڵڵا دابماڵدرێت".

لە بەرانبەردا جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی "دەستدرێژییەکی توند و ئیدانەکراوی ئیسرائیل" بووەتەوە، هاوکات جەختیشی کردەوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، لوبنان "بۆ گەڕاندنەوەی دەوڵەت و دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی" بە هەنگاوی قورس بەڵام جێگیر بەرەو پێشەوە دەڕوات.

ئەم گوتانەی سەرۆکی لوبنان لە میانی وتارێکدا هات کە لە یادی 39 کوشتنی رەشید کەرەمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان پێشکەشی کرد، جۆزێف عۆن، ئاماژەی بەوە کرد، قۆناخی ئێستا پێویستیی بە دەوڵەتمەدارەکان هەیە کە لە ژێر رۆشنایی ئەم بارودۆخە سەختەدا، بەرژەوەندیی نیشتمان بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی کەسییەوە.

سەرۆکی لوبنان ئەوەی خستە ڕوو، ئەمڕۆ لوبنان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بەو دەنگانەیە کە کار بۆ یەکخستنی ریزەکان دەکەن نەک لێکترازانیان، ئاماژەی بەوەش کرد، میراتی کەرەمی وەک هێمایەک بۆ لوبنانی یەکگرتوو و زاڵبوون بەسەر دابەشبوونە تائیفییەکاندا لە هۆشیاری نەتەوەییدا ماوەتەوە، چونکە دەوڵەت و دامەزراوەکانی، تاکە گەرەنتی پاراستنی پێکەوەژیانن.

جۆزێف عۆن پابەندبوونی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی لوبنان دووپاتکردەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، و رایگەیاند "هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەت، چاکسازی و دامەزراندنی دادپەروەری بەبێ پاشەکشە و سازان بەردەوام دەبن."

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی لوبنان لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی باشووری وڵاتەکە چڕتر کردووەتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی قەڵای مێژوویی (شەقیف) لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، وەک قورسترین دەستدرێژی بۆ سەر خاکی لوبنان لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا وەسف دەکرێت.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لە 2ـی ئادارەوە بەهۆی هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، زیاتر لە سێ هەزار و 371 کەس کوژراون و نزیکەی 10 هەزار کەسیش بریندرابوون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارە بوون.