عێراقچی لەگەڵ پێنج وڵات چارەنووسی جەنگ و ئاگربەستی لوبنان تاوتوێ دەکات

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەڵمەتێکی دیپلۆماسیی چڕدا زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی باڵای پێنج وڵاتی کاریگەر ئەنجام دا. ئامانجی سەرەکیی ئەم گفتوگۆیانە رێگریکردنە لە پەرەسەندنی گرژییەکان و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە تاران وەک "جەنگی سەپێنراوی ئەمریکا و ئیسرائیل" وەسفی دەکات.

دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی لە دوو پەیوەندیی جیادا لەگەڵ محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، گفتوگۆی لەسەر پڕۆسەکانی پەیوەست بە ئاگربەست و دۆخی سەربازیی ناوچەکە کرد.

هەروەها محەمەد ئیسحاق دار، لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنەکە رایگەیاند، لەم گفتوگۆیەدا، عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، پێشێلکردنی ئاگربەست لە لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە و دەرکردنی فەرمانی هێرشکردن بۆ سەر چەند ناوچەیەکی بەیرووت، دۆخی ناوچەکەی بەرەو ئاڵۆزییەکی مەترسیدار بردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی رۆڵی "بنیاتنەرانەی" پاکستانی کرد لە دیپلۆماسیی ناوچەییدا و داوای لێکردن کە "پێگە و کاریگەریی دیپلۆماسیی خۆیان" بەکاربهێنن بۆ ئاسانکاری لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاگربەست.

هاوکات وەزیری دەرەوەی پاکستان نیگەرانیی توندی پاکستانی گەیاندە تاران و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستن و بەردەوامیی ئاگربەست زۆر گرنگە بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە هەرەسبردنی ئەو تێگەیشتنانەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەن.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عێراقچی لەگەڵ ماکسیم پرۆ، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی جەنگ تاوتوێ کردووە.

لە تەوەرێکی دیکەی چالاکییەکانیدا، عێراقچی بە جیا لەگەڵ ژان نوێڵ بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر گفتوگۆی کرد. سەرنجی سەرەکیی ئەم پەیوەندییانە لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر خاکی لوبنان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم هێرشانە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانەی تاران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی فراوانبوونی جەنگدایە، و ئێران هەوڵ دەدات لە رێگەی فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکان و هێرشەکانی سەر بەرەی لوبنان بهێنێت.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، "بەهۆی بەردەوامیی تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بەو پێیەی لوبنان بەشێک بووە لە مەرجەکانی پێشوەختە بۆ ئاگربەست، ئێران ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و نامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەوە لەگەڵ ئەمریکا رادەگرێت."

هەروەها بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم هەڕەشانە، هۆشداری دەدەینە دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و شارۆچکە سەربازییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان واتە ئەو ناوچانەی ئیسرائیل داگیریکردوون و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لەوێ نیشتەجێکردووە، ئەگەر ناتانەوێت زیانتان پێ بگات، پێویستە ناوچەکە چۆڵ بکەن.