موحسین رەزایی: ئارامی هێزە چەکدارەکانی ئێران سنووری هەیە

راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی نەیارانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ئێران رێگە نادات گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی بەردەوام بێت؛ جەختی کردەوە کە "ئارامی هێزە چەکدارەکانی ئێران سنووری هەیە."

دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و داخرانی رێڕەوە ئاوییەکان رایگەیاند: "گەرووی هورمز لەژێر بەڕێوەبردنی ئێراندایە و ئێمە رێگە نادەین گەمارۆی دەریایی و گەمارۆخستنە سەر بەندەرەکانمان بەردەوام بێت."

رەزایی ئاماژەی بەوەش کرد، تاران چیتر پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە لوبنان و هێرشەکانی سەر ئەو وڵاتە قبووڵ ناکات. گوتیشی: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئاستێک دانبەخۆداگرتنیان هەیە، بەڵام ئێستا ئەو ئارامییە گەیشتووەتە سنووری خۆی."

ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، گەمارۆیەکی توندی دەریایی خراوەتە سەر ئێران و کێشەی گەورە بۆ هەناردەکردنی وزە دروست بووە، هاوکات بەرەی لوبنانیش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئاڵۆزییەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، "بەهۆی بەردەوامیی تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بەو پێیەی لوبنان بەشێک بووە لە مەرجەکانی پێشوەختە بۆ ئاگربەست، ئێران ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و نامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەوە لەگەڵ ئەمریکا رادەگرێت."

هەروەها بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم هەڕەشانە، هۆشداری دەدەینە دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و شارۆچکە سەربازییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان واتە ئەو ناوچانەی ئیسرائیل داگیریکردوون و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لەوێ نیشتەجێکردووە، ئەگەر ناتانەوێت زیانتان پێ بگات، پێویستە ناوچەکە چۆڵ بکەن.