هەولێر هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەوری کتێب کۆدەکاتەوە

بۆ هەفتەیەک، جارێکی دیکە خوێنەر و نووسەرانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا لە هەولێری پایتەخت بە یەکتری ئاشنا دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، رێبین فەتاح، سەرپەرشتیاری یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی لە هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە 4ـی حوزەیرانەوە بۆ هەفتەیەک، یەکەمین پێشانگەی تایبەت بە کتێبی کوردی لە هەولێر بە ناونیشانی(بە کوردی نووسین، بە کوردی هزرین) دەکرێتەوە .

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 100 وەشانخانەی کوردی لە هەرچوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا لە پێشانگاکە بەشدار دەبن، کە یەکەمجارە پێشانگایەکی تایبەت بە وەشانخانە کوردییەکان بەم فراوانییەوە لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە .

سەرپەرشتیاری پێشانگەکە جەختی لەوە کردەوە، یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی ئەم پێشانگەیە 'گێڕانەوەی متمانەیە بۆ نووسەری کورد و کتێبی کوردی'؛ ئەمەش بەو مانایەی کە پێشانگەکە دەبێتە سەکۆیەک بۆ دووبارە بەها بەخشینەوە بە بەرهەمە ناوخۆییەکان و ئاشتکردنەوەی خوێنەر لەگەڵ قەڵەمی کوردی، تاوەکو نووسەری کورد ببێتەوە بە بزوێنەری سەرەکیی هۆشیاریی کۆمەڵگە.

هاوکات باسی لەوە کرد، بەشی زۆری وەشانخانەکان بە بەرهەمی نوێو و دانسقە بەشداری دەکەن و داشکاندن لە بەرهەمەکانیان دەکرێت، دووپاتیدەکاتەوە ئەم پێشانگایە هەلێکی باشە بۆ دووبارە ئاشناکردنەوەی خوێنەر و نووسەری کورد بەیەکتری.

ساڵانە لە هەولێری پایتەخت پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب دەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە پێشانگاکە نەکرایەوە.