دەستەی نوێی كارگێری یانەی زاخۆ ئاشكرا دەبێت
نێچیرڤان لەزگین دەبێتە سەرۆكی نوێی یانەی زاخۆ
عەمار فەرهاد، سەرۆكی ئێستای یانەی زاخۆ هاوشانی تەواوی ستافەكەی دەستلەكاردەكێشنەوە دەستەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی یانەكە دەستبەكار دەبن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، تەواوی ستافی ئێستای یانەی زاخۆ لە چەند كاتژمێری داهاتوو دەستلەكاردەكێشنەوە و ستافێكی نوێ بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان لەزگین یانەكە بەڕێوە دەبەن.
عەمار فەرهاد، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند سبەی دوایین رۆژی دەبێت وەكو سەرۆكی یانەی زاخۆ.
كوردستان24 زانیویەتی، نێچیرڤان لەزگین، جێگری سەرۆكی یەكێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە شوێنی عەمار فەرهاد دەبێتە سەرۆكی نوێی یانەی زاخۆ. لە لایەكی دیكەیشەوە بێوار عەلی دەبێتە جێگری سەرۆكی یانەی زاخۆ.
كوردستان24 زانیاری دەستكەوتووە، ئەم هەشت كەسە دەبنە ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی زاخۆ كە پێكهاتوون لە: رێبەر عومەر، تەها رەمەزان، بەڕۆژ جادر، رێبەر محەمەد، خەڵات عەبدی و شڤان عەبدی.
یانەی زاخۆ دوو وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت، وەرزی رابردوو پلەی نۆیەمی خولەكەی بەدەستهێنا، ئەم وەرزش پلەی نۆیەمی گرتووە، سەرەڕای ئەوەی 3 راهێنەری گۆڕیوە.