سەعدوون کاکەیی بەرهەمێکی بە شێوەزاری کەڵهوڕی بڵاوکردەوە
سەعدوون کاکەیی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "چەنی وە چەنی"، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، سەعدوون کاکەیی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە نوێیەم، تێکست و ئاوازەکەی لەلایەن محەمەد وەسین ئەڵادات نووسراوە و ئامادەکراوە. کاروان موزیک دابەشکردن و ئاراستەکردنی موزیکی ئەم بەرهەمەی جێبەجێ کردووە و دەرهێنانی ڤیدیۆ کلیپەکەش لەلایەن عادل ئاکرەیی بووە."
سەعدوون کاکەیی گوتیشی، "ماوەیەکە هەست دەکەم هونەری کوردی پێویستی بە کارێکی کەڵهوڕی هەیە، بۆیە هەوڵم داوە لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە شتێکی جیاواز پێشکەشی بینەر و گوێگر بکەم. کارەکەم بۆ هەموو کوردستانە، بەڵام خانەقین شوێنێکی تایبەتی هەیە لە دڵمدا و گرنگییەکی زۆری پێ دەدەم."
ئەو هونەرمەندە باس لە دیمەنەکانی ناو ڤیدیۆ کلیپەکە دەکات و دەڵێت، "زۆربەی دیمەنەکانی ڤیدیۆ کلیپەکە بە شێوەیەکی نوێ و زیرەکانە بە تەکنەلۆژیای دەستکرد دروست کراون، لە کاتێکدا زوڕنا و بەشێک لە موزیکی بەرهەمەکە بە شێوەی راستەوخۆ زندی تۆمار کراون، ئەوەش تایبەتمەندییەکی دیکەی بە کارەکە بەخشیوە.
سەعدوون کاکەیی ئاماژەی بەوەش دا، "من تەنیا بەم بەرهەمەوە ناوەستم و ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی هونەریم لە بەردەستدایە و ئێستا کارێکی گەورە و گرنگم بۆ هەولێر لە ئامادەکاری دایە و هەروەها بەرهەمێکی دیکەشم بۆ مەندەلی ئامادە کردووە. هەروەها پڕۆژەیەکی تایبەتی دیکەشم بۆ ناسراوترین هونەرمەندی موزیکی کوردی، حەسەن زیرەک ئامادە کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاویدەکەمەوە."
سەعدوون کاکەیی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی خانەقینە. بەرهەمەکانی بە رەنگ و بۆنی میراتی موزیکی کوردی داپۆشراون و توانویەتی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ گوێگرانی خۆی دروست بکات. ئەو بە یەکێک لە پارێزەرانی گۆرانیی رەسەنی کوردی دادەنرێت و هێشتا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی بەرهەمی نوێ و بەشداریکردنی لە چالاکییە هونەرییەکاندا.