دوای نزیکەی مانگێک یەکەم کەشتی نەوتهەڵگر لە دوورگەی خارگ لەنگەری گرت
بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا، نەوتهەڵگرێکی زەبەلاحی نەوتی خاو لە بەندەری سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە دوورگەی خارگ بینرا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاریگەرییە گەورەکانی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئەمریکا بەسەر جووڵەی کەشتیوانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
چوارشەممە 3ـی 2026، وێنەیەکی مانگی دەستکردی ئەوروپی "سێنتینێل 1" کە بەیانی رۆژی سێشەممە گیراوە، کەشتییەکی گەورەی لە جۆری (VLCC) نیشان داوە کە لە کەناری دوورگەی خارگ لەنگەری گرتووە، ئەمەش یەکەم حاڵەتی لەنگەرگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگرە لە دوای 6ـی ئایارەوە کە لەو ناوچەیە دەرکەوتبێت.
راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کورتهێنانی بەرچاو لە بارکردنی نەوتی ئێراندا هەیە، ئەمەش رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە تاران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە نەوتهەڵگرەکانی نەمابێت، یان لە ترسی نەگەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان نەوێرن نەوت بار بکەن، لە کاتێکدا پێش سەپاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا، ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی رۆژانە بەڕێوە دەچوو.
بە گوێرەی ئاماەکان، رێگرییە دەریاییەکانی ئەمریکا تاران لە داهاتی نەوت بێبەش کردووە و ملیۆنان بەرمیل نەوتیش لە بازاڕەکاندا دوور دەخاتەوە، لەمبارەیەوە رێکخراوی یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئایاردا نەیتوانیوە گەمارۆکانی ئەمریکا بشکێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (X) راگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا رێکاری گەمارۆی بەرانبەر کەشتیی "لێکسی" (Lexi) گرتووەتە بەر کە بەرەو دوورگەی خارگ دەچوو، سێنتکۆم دەڵێت:" ژووری بزوێنەری کەشتییەکەیان بە مووشەک کردووەتە ئامانج".
هێزی دەریایی ئەمریکا لە 13ـی نیسانەوە گەمارۆی توندی خستووەتە سەر هەموو ئەو کەشتییانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەردەچن، تا ئێستا بەو هۆیەوە 6 کەشتی بازرگانی پەکخراون و 122 کەشتی دیکەش ناچار کراون رێڕەوی خۆیان بگۆڕن.