کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا پێشوازی لە هونەرمەند حەمە هاشم دەکات

ئەمڕۆ لە هەولێر، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا پێشوازی لە هونەرمەند و نووسەر حەمە هاشم کرد. لە دیدارەکەدا کونسوڵی ئیتاڵیا رێز و پێزانینی خۆی بۆ چالاکییە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە دەربڕی و بڵاوکردنەوەی کتێبێکی نوێی بە زمانی کوردی دەربارەی "میکێل ئانجێلۆ" بە هەنگاوێکی کولتووریی گرنگ وەسف کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، لە هەنگاوێکی گرنگدا کە نیشانەی رێز و بایەخدانە بە هونەر و کولتووری کوردی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر پێشوازی لە هونەرمەند و نووسەری ناسراوی کورد، حەمە هاشم کرد.

لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تۆماس سانسۆن، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا، خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری هونەرمەندی شێوەکار حەمە هاشم دەربڕی و بە "مایسترۆ و هونەرمەند" ناوی برد؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رێزێکی زۆر و بەرزنرخاندنی پێگە و توانای هونەریی ئەو هونەرمەندە کوردە.

تەوەری سەرەکیی دیدارەکە، پیرۆزبایی کونسوڵ بوو بۆ حەمە هاشم بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی کتێبە هونەرییەکانی بە زمانی کوردی، کە تایبەتن بە ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەندانی جیهانی، بەتایبەتی پەیکەرسازی گەورەی ئیتاڵی "میکێل ئانجێلۆ".

کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا ئەم کتێبە نوێیەی وەک "دەستپێشخەرییەکی کولتووریی گرنگ" وەسف کرد و رایگەیاند: ئەم کتێبە بەشدارە لە بڵاوکردنەوەی میراتی هونەریی نەبڕاوەی ئیتاڵیا و لە هەمان کاتدا، هاوکارە بۆ بەرەوپێشبردنی زمان و کولتووری کوردی.

هاوکات، بەڕێز تۆماس سانسۆن، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر، پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆژە داهاتووەکانی هونەرمەند حەمە هاشم دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.