دوو هاووڵاتی بە برینداری لە شاخی چل چەمەی رۆژهەڵاتی کوردستان رزگارکران

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سووری پارێزگای سنە رایگەیاند، لە هەڵمەتێکی چڕ و سەختدا، دوای نۆ کاتژمێر لە شاخی چل چەمەی نزیک دیواندەرە دوو شاخەوان بە برینداری رزگار کران.

ئەمڕۆ شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، پەیام جەلالی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سووری پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئاژانسی ئێرنای راگەیاند، دوێنێ هەینی، لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە پەیوەندی بە تیمەکانی فریاگوزاریی مانگی سوورەوە کراوە و لە برینداربوونی دوو هاووڵاتیی شاخەوان لە شاخی چل چەمە ئاگادار کراونەتەوە.

جەلالی ئاماژەی بەوە داوە، شوێنی ئامانجەکە بە دووری 18 کیلۆمەتر لە میحوەری دیواندەرە - سەقز و 40 کیلۆمەتر لە رێگەی لاوەکی گوندی باست لە لوتکەی شاخی چل چەمە تووشی هەڵدێران ببوون. گوتیشی: شوێنەکە یەكێکە لە ناوچە سەخت و پڕ مەترسییەکانی شاخەکە، بۆیە پرۆسەی رزگارکردنی هەردوو شاخەوانەکە پێویستی بە ناردنی تیمی تایبەتمەند بوو، هەربۆیە دەستبەجێ تیمێک لە دیواندەرەوە راستەوخۆ رەوانەی شوێنەکە کرا.

لە بارەی دوو بریندارەکەوە، جەلالی ئاشکرایکردووە، دوای هەڵمەتێکی نۆ کاتژمێری توانرا هەردوو بریندارەکە رزگار بکرێن، یەکێکیان پیاوێکی 55 ساڵە و پاژنەی پێی راستی بە سەختی شکاوە. دووەمیان پیاوێکی تەمەن 47 ساڵە و دەستی چەپی شکاوە.