هەوای ئێران 2.7 پلە گەرمتر بووە

ناوەندی نیشتمانیی کەشناسی و گۆڕانی کەشوهەوای ئێران رایگەیاند، پلەی گەرمای وڵاتەکە بە رێژەی 2.7 پلەی سەدی بەرز بووەتەوە، ئەمەش بەراورد بە تێکڕای جیهانی رێژەیەکی مەترسیدارە و هاوسەنگیی ژینگەیی وڵاتەکەی تێک داوە.

ئەحمەد تاهیری، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی کەشناسی و گۆڕانی کەشوهەوای ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لە چەند دەیەی رابردوودا، ئێران بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیانی زۆری بەر کەوتووە.

سەبارەت بە بارانبارینیش تاهیری ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، ئاستی بارانبارین لە ئێران ساڵانە بە تێکڕا 0.85 میلیمەتر کەمی کردووە. 

ئەو بەرپرسە روونیشی کردەوە، ئەم وشکەساڵییە بەردەوامە سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتەکەی کەم کردووەتەوە و هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی خۆراک دروست کردووە.

لەبارەی لێکەوتەکانی گەرمبوونی هەواش، تاهیری گوتی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بووەتە هۆی چالاکبوونی سەرچاوەکانی تەپوتۆز و زریانی خۆڵبارین، هەروەها فراوانبوونی دیاردەی بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و تێکچوونی هاوسەنگیی سەرچاوە ئاوییەکان، لە ئاکامی ئەو گۆڕانکارییانە.

ئێران بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە کە ناوچەیەکی نیمچە وشک و وشکە، بەردەوام لەگەڵ قەیرانی ئاو و کەشوهەوا بەرەنگارە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئێران بەتایبەتی، کاردانەوەی نەرێنی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دروست کردووە. 

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رابردوودا بەهۆی وشکەساڵییەوە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان بووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی وڵات کە بەهۆی وشکبوونی دەریاچە و رووبارەکان، کێشەی بێکاری و کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتوانی لێکەوتووەتەوە.