چەکدارە بیانییەکان هەڕەشە لە حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەکەن
دۆسیەی چەکدارە بیانییەکان لە سووریا دووبارە گەڕایەوە پێشەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گروپێکی ئۆزبەکی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریایان تۆمەتبار کرد بەوەی فشار دەخاتە سەریان و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە و دەستگیرکردنیان لێ دەکات.
شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، گوورپێک لە چەکدارانی ئۆزباکستانی کە لە ریزی هێزە چەکدارەکانی سووەیا بەشداریان لەو شەڕانەدا کردووە کە لە ماوەکانی رابردوودا لە ناوچکە ئەنجامدراوە، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، شەڕکەرە ئۆزباکییەکان رەتیدەکەنەوە بچنە ناو ریزەکانی سوپای سووریاوە، هەروەها ئەو کەسانەشی کە پێشتر تێکەڵی سوپا کراون، هەڕەشەی کشانەوە دەکەن، ئەمەش دەری دەخات کە بێزارییەکی زۆر لە ناو ریزەکانی ئەو شەڕکەرانەدا بەرانبەر بە دامەزراوەی سەربازی لە حکوومەتەکەی شەرعدا دروست بووە.
ئەم گرژییانە پەیوەستن بە تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە پارێزگای ئیدلب، کە لەم دواییانەدا دەسەڵاتداران هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنیان دژی شەڕکەرە بیانییەکان دەستپێکردووە و رێکاری ئەمنی توندیان لە چەندین ناوچەدا گرتووەتە بەر.
هەروەها لە 6ـی ئایاری رابردوودا، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی فراوانیان لە دەوروبەری شاری ئیدلب ئەنجامدا بۆ دەستگیرکردنی داواکراوانی بیانی، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکیان دەستگیر کران، ئەم هەڵمەتە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر لە شارۆچکەکانی کەفریا، فوعە و کەفر جالس، هەروەها بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەغەی هاتووچۆش راگەیەندرا.
هەمان سیناریۆ لە گوند و ناوچەکانی دیکەی باکووری ئیدلب دووبارە بووەوە و گرژی سەربازیی لێکەوتەوە؛ کاتێک سوپا کاروانێکی گەورەی سەربازیی بەرەو شاری ئیدلب و دەوروبەری بەڕێخست و پێکدادانی پچڕپچڕ لە نزیک شارۆچکەی فوعە روویدا.
لە مانگەکانی رابردوودا، دەزگا ئەمنییەکان چەندین هەڵمەتیان دژی ئەو شەڕکەرە ئۆزباکییانە ئەنجامداوە کە رەتیانکردووەتەوە بچنە ناو یەکەکانی "سوپای نوێی سووریا"، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی پێکدادانی سنووردار لە ناوخۆی ئیدلب و نیشانەی لاوازیی ئەو رێککەوتنانەیە کە لە نێوان دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع و گروپە بیانییەکاندا هەبوون.