کیژان ئیبراهیم خەیات 'خۆشمژدەی' بڵاو کردەوە

کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی هونەری خۆی بەناوی "خۆشمژدە" بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، کیژان ئیبراهیم خەیات، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ـی گوت: "ئەم گۆرانییە لە شیعری شاعیری ناسراوی کورد ساڵح بێچارە و  ئاوازەکەشی لە لایەن منەوە دانراوە. هەروەها بژار دیلان ئەرکی ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکەکەی لە ئەستۆ گرتووە، لە کاتێکدا ستیڤان کاول دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەی بەڕێوە بردووە و بە شێوەیەکی هونەری و مۆدێرن خستویەتییە بەر دیدی بینەران."

کیژان ئیبراهیم خەیات گوتیشی: "گۆرانی "خۆشمژدە"، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئامادەکراوە و تیمی کار لەسەر هەموو وردەکارییەکانی بەرهەمەکە بە شێوەیەکی ورد و پیشەیی کاریان کردووە. ئەم گۆرانییەم جیاوازە لە هەندێک لە بەرهەمەکانی پێشووم، چونکە خاوەنی ریتمێکی خێرا و توانایەکی بەرزە و هەوڵم داوە  رووخسارێکی شاد بۆ گوێگران پێشکەش بکەم."

دەربارەی تۆمارکردنی ئەو بەرهەمە نوێیەی، کیژان ئیبراهیم خەیات دەڵێت: "ئەو بەرهەمە گۆرانییەکی شادە و لە دڵی بەهارەوە سەرچاوەی گرتووە. ویستم کارێک پێشکەش بکەم کە بتوانێت هەستی خۆشی و گەشبینی بگوازێتەوە بۆ گوێگران. ئەمە یەکەم جارە گۆرانییەک دەڵێم کە ئەم جۆرە ریتم و توانایەی تێدایە."

کیژان ئیبراهیم خەیات ئاماژەی بەوەش دا، "هیوادارم ئەم بەرهەمە لە لایەن جەماوەری هونەرەوە پێشوازییەکی باشی لێ بکرێت و بتوانێت شوێنێکی تایبەتی لە دڵی خۆشەویستانی مۆسیقای کوردی وەرگرێت."

کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1985 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. کیژان خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، ھەروەھا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە.