تەندروستی جیهانی: نزیکەی 500 حاڵەتی تووشبوون بە ئیبۆلا تۆمارکراوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، 452 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ناوەراستی ئەفریقا تۆمار کراون، کە تیایدا 82 کەس لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و دوو کەسیش لە ئۆگاندا گیانیان لەدەستداوە.

شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، لە راپۆرتی نوێی رۆژانەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناو خاکی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆدایە و بە رێژەیەکی سنوورداریش گەیشتووەتە وڵاتی ئۆگاندای دراوسێ کە تیایدا 19 حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراون.

لەم چوارچێوەیەدا، ناوەندی ئەمریکی بۆ کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان هۆشداری دا لەوەی ئەم شەپۆلە نوێیە، کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە وەک "باری نائاسایی تەندروستی گشتیی جیهانی" پۆلێن کراوە، مەترسیی گەورەی هەیە.

ناوەندە ئەمریکییەکە راشیگەیاند، ئەگەر رێکاری توند و بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە نەگیرێتە بەر، ئەگەری هەیە قەبارەی بڵاوبوونەوەکە بگاتە ئاستی شەپۆلەکەی ساڵانی 2014 تا 2016، کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 11 هەزار کەس لە رۆژئاوای ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستدا.