کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار و کفری کەوتنەکار
کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی نێوان شارۆچکەکانی کەلار و کفری کەوتنە کار، هاوکات گۆڕانکاری لە کارکردنی چەند کامێرایەکی سنووری سلێمانی دەکرێت.
هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کامێرای چاودێری بۆ تۆمارکردنی تیژڕەوی لە جۆری خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان هەردوو شارۆچکەی کەلار و کفری لە سنووری گەرمیان کەوتە کار و لەمەودوا سەرپێچییەکان تۆمار دەکرێن.
رێگەی دوو ئاراستەی نێوان کفری و کەلار ساڵی 2024 تەواو بووە و درێژییەکەی 42 کیلۆمەترە، 16 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگەکەدا دانراون. بە شێوەیەک هەر پێنج کیلۆمەترێک کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ دانراوە.
تێکڕای خێرایی لەو رێگەیە 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، لە هەندێک شوێن 80 کیلۆمەتر و لە بەشێکی رێگەکەش 60 کیلۆمەترە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە هەنگاوی دووەمدا کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان کەلار و دەربەندیخان دادەنرێن، هەروەها گۆڕانکاری لە سیستمی کارکردنی ژمارەیەک کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سلێمانی کرا.
جگە لە دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک کامێرا لە یەک خاڵ دانراون، هەروەها بەشێک لە کامێراکان گەڕۆکن و رۆژانە لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ لە رێگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دادەنرێن.
سزای دارایی بۆ کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە 70 هەزار دینارەوە دەست پێ دەکات تاوەکو 230 هەزار دینار.
بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بە رێژەیەکی بەرچاو رووداوەکانی هاتوچۆی کەم کردووەتەوە.
سیستمی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان خرایە کار. سەرەتا لە شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر دانرا، دواتر فراوان کرا بۆ رێگەکانی دەرەوەی شار.