عێراق بۆ ماوەی 72 کاتژمێر ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتەکاندا داخست
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەر بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی، ئاسمانی وڵات بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاراستەی هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کردووە، رایگەیاند "لەسەر بنەمای ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، بڕیاردراوە بەردەوامی بدرێت بە داخستنی کایەی ئاسمانیی عێراق بە رووی هەموو جۆرە گەشتێکی مەدەنی و شارستانیدا بۆ ماوەی 72 کاتژمێر."
لە راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە، ئەم رێکارە لە چوارچێوەی پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گیراوەتە بەر.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکان ئاماژەی بەوەش داوە، دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراو (72 کاتژمێر)، جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکرێتەوە و لەسەر بنەمای پێدراوە تەکنیکی و ئەمنییەکان، بڕیاری گونجاو لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکان یان درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئاسمان دەدرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، داوا لە گەشتیاران کراوە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە چاودێری دوایین گۆڕانکارییەکان بکەن، هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە ڕای گشتی لە هەر نوێکارییەک لەمبارەیەوە ئاگادار دەکەنەوە.
هەروەها حکوومەتی سووریا رایگەیاند: تاوەکو 12 کاتژمێر ئاسمانی وڵاتەکەیان داخست.