ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوا لە ئێران دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە دەستپێبکاتەوە
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، داوای لە ئێران کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت پڕۆسەی پشکنین لەو شوێنانەدا دەستپێبکاتەوە کە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کران.
دووشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران تا ئێستا ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی لەوە ئاگادار نەکردووەتەوە کە چی بەسەر ئەو شوێنە ئەتۆمییانەدا هاتووە کە کراونەتە ئامانج، یان زانیاری لەسەر دۆخی ماددە ئەتۆمییەکان و یۆرانیۆمی پیتێنراو نەداوە کە لەوێدا کۆگاکراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە بۆردومانەکان دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمیان وێران کردووە یان زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، بەڵام وا بڕوا دەکرێت بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% وەک خۆی مابێتەوە، کە زۆر نزیکە لەو رێژەیەی (90%) کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە.
گرۆسی لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکە کە لە 35 وڵات پێکهاتووە گوتی: "زۆر گرنگە پەیوەندییەکانمان دەستپێبکەینەوە." هەروەها لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "رێڕەوی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی پچڕاوە."
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پشتگیری وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، فشار دەکات بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا بڕیارێک دەربچێت و داوا لە ئێران بکات بەبێ دواکەوتن زانیاری ورد دەربارەی شوێنە بۆردومانکراوەکان پێشکەش بکات.
لە بەرانبەردا، نوێنەرایەتی ئێران لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، بەرپرسیارێتی هێرشەکان لە ئەستۆی ئەنجامدەرەکەیەتی (ئەمریکا و ئیسرائیل) نەک قوربانییەکە، هەروەها هۆشدارییان دا کە فشار و رووبەڕووبوونەوە نابنە هۆی هاوکاری، بەڵکو دەرفەتەکانی گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی لەناو دەبەن.