لە دوو رۆژی داهاتوو سەرجەم حاجیان دەگەڕێنەوە

حاجیانی کوردستان بە فرۆکە دەگەڕێنەوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی دەگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، کاروان ستونی گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دوای  بڕیاری دەسەڵاتی فرۆکەوانی عیراق بە کردنەوەی ئاسمانی عیراق و کورردستان بە ڕووی گەشتەکاندا و لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراق بڕیاردرا کە گەشتەکان ئاسایی بکرێنەوە.

گوتەبێژی حەج و عومرە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو حاجیانی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی بگەڕێنەوە و بڕیاریشە سبەی گەشتەکان وەکوو خۆیان بەردەوام بێت و لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەم حاجیانی کوردستان بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی.

رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتن.

ئەمساڵ پێنج هه‌زار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتی سعوودییەیان کردووە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، کە دوو هەزار و 368 ئافرەت و دوو هەزار و 752 پیاون.