قائانی: پشتێنەی نوێی ئەمنیی بەرگری لە هورمزەوە تا بابولمەندەب دروست دەکەین
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، پشتێنەی نوێی ئەمنیی بەرگری لە گەرووی هورمزەوە تا بابولمەندەب و لە کەنداوەوە تا دەریای سوور درێژ دەبێتەوە.
دووشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێکدا کە میدیا ئێرانییەکان گواستوویانەتەوە گوتی: "جوڵەی بەهێزی یەمەنی پاڵەوان نیشانەی زیرەکیی بەرەی بەرگرییە و ئەگەر پێویست بکات لایەنەکانی دیکەش دێنە ناو مەیدانەکەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، خراپەکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لەم ناوچەیەدا دەبێتە هۆی پەرچەکرداری یەکگرتووانەی بەرەی بەرگری.
فەرماندەی فەیلەقی قودس هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی نەیارەکانیان کرد و گوتی: "چەکدارێکی بێ سنوور چاودێری رێڕەوەکانی هاتوچۆ دەکەن، ئەگەر لە ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەستدرێژییەکانیان بەردەوام بن، گەردنیان دەگرین."
لەلایەکی دیکەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حوسییەکانی یەمەن، دەستپێکردنی قەدەغەی تەواوەتی گەشتە دەریاییەکانی ئیسرائیلی لە دەریای سوور راگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو جوڵەکانی دوژمن لە ساتی دەرکردنی بەیاننامەکەیانەوە بوونەتە ئامانجی سەربازی بۆ هێزەکانیان.
گوتەبێژی حوسییەکان جەختی کردەوە، بەرەو رووی هەر پەرەسەندنێک دەبنەوە و ئۆپەراسیۆنەکانیان لەگەڵ بەرەی جیهاد و بەرگری لە فەلەستین، غەززە، ئێران، لوبنان و عێراق هاوئاهەنگ دەبێت، هەروەها راشیگەیاند، هێزەکانیان بە کۆمەڵێک مووشەک چەند ئامانجێکی هەستیاری ئیسرائیلییان لە ناوچەی "یافا"ی داگیرکراو کردووەتە ئامانج و بە وردی پێکاون.
ئەم هەنگاوەی حوسییەکان وەک رەتکردنەوەیەک بۆ پڕۆژەی "ئیسرائیلی گەورە" و "رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" ناو براوە، هەروەها وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل خستوویانەتە سەر گەلانی ناوچەکە.