پیتەر گۆرگیس ناگەڕێتەوە دهۆك و لە یانەیەكی ئەورووپا نزیكە

بڕیاری داوە یاریی بۆ هیچ یانەیەكی عێراق نەكاتەوە

پیتەر گۆرگیس بە درێسە زەردەكەی دهۆك لەگەڵ یاریزانێكی بەرگشینی جەوییە.
پیتەر گۆرگیس بە درێسە زەردەكەی دهۆك لەگەڵ یاریزانێكی بەرگشینی جەوییە.

پیتەر گۆرگیس ناگەڕێتەوە یانەی دهۆك و بە یەكجاری خولی ئەستێرەكانی عێراقی جێهێشت و چەند ئۆفەرێكی باشی لە یانەكانی ئەورووپا پێگەیشتووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، پیتەر گۆرگیس یاریزانی یانەی دهۆك بڕیاری داوە بە یەكجاری خولی ئەستێرەكانی عێراق جێبهێڵێت و یاریی بۆ هیچ یانەیەكی عێراق ناكاتەوە و چەند ئۆفەرێكیشی لە یانەكانی ئەورووپا پێگەیشتووە.
پیتەر گۆرگیس لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند بەڵێنی داوە لە دوای دهۆك یاریی بۆ هیچ یانەیەكی عێراق نەكاتەوە، گوتیشی: لە چەند رۆژی داهاتوو چارەنووسی خۆم یەكلایی دەكەمەوە.
پیتەر گۆرگیس لە هاوینی 2024 لە یانەی ماڵمۆی سویدی بۆ دهۆك گواسترایەوە، لە خولی ئەستێرەكانی عێراق وەرزی رابردوو لە كۆی 30 یاری، 19 گۆڵ و 4 ئەسیستی كرد.
پیتەر گۆرگیس لەگەڵ یانەی دهۆك لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان بەشداریی 56 یاری كردووە، 26 گۆڵ و 11 ئەسیستی تۆمار كردووە و دوو نازناوی جامی عێراق و چامپیۆنزلیگی كەنداوی بردووەتەوە.
پیتەر گۆرگیسی تەمەن 25 ساڵ، لە شاری سیدنی وڵاتی ئوسترالیا لە دایكبووە، بەڵام لە سوید پێگەیشتووە، سەرەتای كاروانی یاریكردنی لە یانەی ئۆگسێهاگی سویدی بوو، دواتر یاریی بۆ تیپی لاوانی برایتنی ئینگلیزی كردووە، لەگەڵ لاوانی برایتن بەشداریی 44 یاری كرد، 7 گۆڵ و 7 ئەسیستی تۆمار كرد.